گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

یەک فیشەک دواى دوو وانە

چیرۆکى خۆکوشتنى کچە خوێندکارەکەى سلێمانى لەناو پۆلەکەیدا

2021.11.29 - 21:01
App store icon Play store icon Play store icon
چیرۆکى خۆکوشتنى کچە خوێندکارەکەى سلێمانى لەناو پۆلەکەیدا

ناس کورد-

ئەمڕۆ دووشەممە وەک هەر ڕۆژێکى دیکەى ئاسایی، خوێندن لە قوتابخانەیەکى ئامادەیی کچان لە سلێمانى دەستیپێکرد، بێ ئاگا لەوەى پاش دوو وانە ڕووداوێکى نائاسایی مامۆستا و خوێندکارەکان دەهەژێنێت کاتێک کچە خوێندکارێک بەدەمانچە لەناو پۆلەکەیدا کۆتایی بە ژیانى خۆى هێنا.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئارینای سەرداری تەمەن 17 ساڵ خوێندکاریی قۆناغى 10ى زانستى ئەمڕۆ دووشەممە رێکپۆشتر لەجاران دەرکەوت کاتێک چووە قوتابخانەکەى لەگەڕەکى ئیبراهیم ئەحمەدى شارى سلێمانى، بەڵام ئیدارە و هاوپۆلەکانى بێ ئاگا بوون لەنیازى خۆکوشتنى لەناو پۆلەکەیدا، پاش خوێندنى دوو وانە، ئەوەش بەوتەى مامۆستایەک و خوێندکارێکى قوتابخانەکەى کە بۆ "ناس کورد" قسەیان کرد.

 

هیچ کەس لەمامۆستا و هاوپۆلەکانى گومانیان نەدەکرد ئەو کچە خوێندکارە کە بەزیرەک و لێهاتوو ناو دەبرا بیر لەخۆکوشتن بکاتەوە و بەو شێوەیە هاوپۆل و مامۆستاکانى جێبهێڵێت.

 

مامۆستایەکى قوتابخانەکە کە بەمەرجى ناونەهێنانى قسەى بۆ "ناس کورد" کرد وتى "دواى خوێندنى چەند وانەیەک، مامۆستاى کۆمپیوتەر بانگى خوێندکارەکانى پۆلەکەى کردووە بچنە هۆڵى کۆمپیوتەر بۆ خوێندنى وانە، بەڵام ئەو کچە و سێ هاوپۆلى دواکەوتوون".

 

وتیشى، "بەوتەى هاوڕێکانى ئەو کچە بە هاوپۆلەکانى وتووە ئێوە بچنە هۆڵەکە منیش دێم، بەڵام کاتێک ئەوان رۆیشتوون لەناو پۆلەکەى خۆیدا بەدەمانچە کۆتایی بە ژیانى خۆى هێناوە".

 

تا ئێستا روون نەبووەتەوە ئەو کچە خوێندکارە چۆن بەدەمانچەوە چووەتە قوتابخانەکەوە، بەڵام بەوتەى مامۆستاکە باوکى ئەو کچە وتویەتى دوو مانگە ئەو دەمانچەیەى کڕیوە، هەروەها دایکیشى وتویەتى هەستى بەشتى نائاسایی نەکردووە کچەکەى نانى خواردوە و خۆى گۆڕیوە و چووەتە قوتابخانە و کاتێک لەرووداوەکە ئاگادارکراوەتەوە خەریکى ئیشى ناوماڵ بووە.

 

ئارینا ئەمساڵ چووەتە ئەو قوتابخانەیە و پێشتر لە قوتابخانەیەکى دیکە بووە، تا ئێستاش قوتابخانەکەى و بەرپرسانى پەروەردە هیچ رونکردنەوەیەکیان لەبارەى رووداوەکە نەداوە.

 

هاوڕێیەکى ئارینا بۆ "ناس کورد" وتى، "دوو وانەمان خوێند پاشان ئەو ڕووداوە ڕوویدا، باوەڕمان نەدەکرد ئەوە ڕووبدات".

 

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی سلێمانی (دووشەممە 29ی تشرینی دووەمی 2021) ڕایگەیاند "لە ڕووداوێکی نەخوازراودا لە ئامادەییەکی کچان لە گەڕەکی ئیبراهیم ئەحمەدی شاری سلێمانی خوێندکارێک بە گولـلە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا."



ئەوەشی خستووەتەڕوو، " تیمەکانی سەنتەری فریاکەوتنی خێرایی 122 و بەڵگەی تاوان بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕوودانی ڕووداوەکە سەرقاڵی لێکۆڵینەوەی سەرەتایین."

 

دواى رووداوەکە تەرمى ئەو کچە خوێندکارە گواسترایەوە پزیشکى داد و دواتر رادەستى کەسوکارى کرایەوە.

 

سەرچاوەیەک لە پزیشکى دادى سلێمانى بۆ "ناس کورد" وتى "ئەو کچە بەیەک فیشەک کۆتایی بە ژیانى خۆى هێناوە و تەرمەکەى رادەستى کەسوکارى کراوەتەوە".