گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەپەلە

نوسینگەی لاهور شێخ جەنگی ’’لەسەر قاڵبە ئاڵتونەکانی لالەزار’’ هاتەدەنگ

2021.11.29 - 19:53
App store icon Play store icon Play store icon
نوسینگەی لاهور شێخ جەنگی ’’لەسەر قاڵبە ئاڵتونەکانی لالەزار’’ هاتەدەنگ

ناس کورد-

نوسینگەی لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڵاوکردنەوەی هەواڵی بوونی سەدانی قاڵبی ئاڵتون لە ژێرزەمینی ئوتێل لالەزار لە سلێمانی ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت، "هەواڵێکی چەواشەکارانە و بێ بنەمایە و پڕ لە تۆمەت بەخشینەوە."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

نوسینگەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەمڕۆ دووشەممە، 29ی تشرینی دووەمی 2021، هەردوو ماڵپەڕی (کەناڵی کوردستان ٢٤)ـی سەر بە (مەسعوود بارزانی) سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و ماڵپەڕی (باس نیوز)ی سەر بە (مەسرور مەسعوود بارزانی) سەرۆکی حکومەتی هەرێم، هەواڵێکی چەواشەکارانە و بێ بنەما و پڕ لە تۆمەت بەخشینەوەیان بڵاوکردووەتەوە، کە ناوەڕۆکی هەواڵەکە لای خوێنەران هێندە مایەی پێکەنینە مەگەر تەنیا سەرانی سەری ڕەش باوەڕ بەو درۆ و چەواشەکارییانە بکەن، چونکە ئەو جۆرە کارانە تەنیا لە خۆیان دەوەشێتەوە، لە بەرامبەر ئەو درۆ و چەواشەکارییانەی هەردوو ماڵپەرەکەی سەر بە بنەماڵەی بارزانی، بە مافی خۆمانی دەزانین سکاڵای یاسایی تۆمار بکەین."

 

دەشڵێت، "لە ئێستادا کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان هۆشیارن و زۆر باش ئەو ڕاستییە دەزانن کە کێ دەستی گرتووە بەسەر سامان و داهاتی ئەم هەرێمە و چۆن زیاتر لە نیوەی داهاتی نەوتی هەرێم بە بیانووی جۆراوجۆرەوە دەدزرێت و پارەکەی لە لایەن بنەماڵەوە ڕەوانەی بانکەکانی جیهان دەکرێت."


باسی لەوەشکردووە کە "ئەوەتا خەڵکی ئەم هەرێمەتان هێندە نائومێد کردووە کە هاووڵاتییان بە ناچارییەوە هەوڵی کۆچکردن دەدەن و ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە و ڕێگای هات و نەهات دەگرنەبەر. لە جیاتی ئەو درۆ و چەواشەکارییانە، وا باشترە کۆتایی بە قاچاخچێتیی سنوورەکان بهێنن و پارە دزراوەکان بگەڕێننەوە بۆ خەڵکی ئەم هەرێمە، پارەی پاشەکەوتکراوی مووچەی فەرمانبەرانی لێبدەنەوە، دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی لێبدەن."


ڕاگەیەنراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە کە "هەقی خۆیەتی بڕیاربەدەستانی ئێستای یەکێتیی کە ناویان هێندراوە و تۆمەتبارکراون، بێدەنگ نەبن و وەڵامیان هەبێت بۆ ئەم هێرشە میدیاییەی سەرانی پارتی، چونکە لە بنەمادا مەرامەکەی بۆ لێدان و شکاندنی شکۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە."