ناس کورد-
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان پەکەکە تۆمەتبارکرد بەوەى لەپشت هەوڵى "بەلارێدا بردنى" خۆپیشاندانەکانى سلێمانى و شارەکانى دیکەوە بووە و دەڵێت هەندێ کەس دەستگیرکراون کە سەر بە پەکەکەن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
دیندار زێبارى (29 تشرينى دووەمى2021) لەلێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنوسان ئاماژەى بەوەکرد، لەسەر خۆپیشاندانەکان یەکەم تۆمەت دەبێت ئاڕاستەى پەکەکە بکرێت، کە هەوڵیانداوە داواکارى خۆپیشاندەران بەئاقارێکى دیکەدا ببەن.
دەشڵێت "لەسلێمانى هەندێ کەس دەستگیرکراون کە ناسراون زانیارى تەواو هەیە کە ئەوان سەر بە پەکەکەن و لە لێکۆڵینەوەکانى داهاتوو هەموو شت ئاشکرا دەبێت".
ئەمە یەکەمجار نییە بەشێک لەبەرپرسانى هەرێم پەکەکە تۆمەتباردەکەن بە هەوڵى بەلاڕێدابردنى خۆپیشاندانەکان، بەڵام ئەو پارتە هێشتا هیچ رونکردنەوەیەکى لەو بارەیەوە نەداوە.
لەخۆپیشاندانەکانى هەفتەى رابردووى سلێمانى و چەند شارێکى دیکە ژمارەیەک کەس دەستگیرکران و بەشێکى زۆریان ئازادکراون و هەندێکیان هێشتا لەزینداندان.
نوسینگەى مافى مرۆڤ لەسلێمانى (28 تشرينى دووەمى2021) رایگەیاند، بەدواداچوونى کردووە بۆ دەستگیرکراوانی خۆپیشاندانەکان کە بەشێکیان ئازادکراون و هێشتا بەشێکى دیکەیان ئازاد نەکراون.
نوسینگەکە لە راگەیەنراوێکدا کە دەست "ناس کورد" کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە، سەردانی بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانیان کردووەو لەگەڵ بەرپرسانی ئەو دامەزراوەیە کۆبونەوەو لەبارەى لەبارو دۆخی راگیراوان، بەشێک لەدەستگیرکراوانی خۆپیشاندانەکان دەستەبەجێ پاش لێکۆڵێنەوەکان ئازادکراون تەنیا ژمارەیەک لەخۆپیشاندەران ماونەتەوەو لەئێستادا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن دواتر بە بڕیاری دادوەر رێکارەکانیان تەواو دەکرێت.