گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی زیاتر

وەزیری خوێندنی باڵا باس لە ’’هەڵوەشاندنەوەی خوێندنی پارالێل’’ دەکات

2021.11.27 - 18:36
App store icon Play store icon Play store icon
وەزیری خوێندنی باڵا باس لە ’’هەڵوەشاندنەوەی خوێندنی پارالێل’’ دەکات

ناس کورد- 

وەزیری خوێندنی باڵای هەرێم ڕایگەیاند، دەژی خوێندن بە پارە و پارلێلە و دەڵێت، هیوادارە ساڵی داهاتوو شتێک بەناوی خوێندنی پارالێل نەمێنێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا لە میانەی گفتوگۆکردنی لەگەڵ ژمارەیەک لە خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێم لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێم (شەممە 27ی تشرینی دووەمی 2021) ڕایگەیاند، "پێشووتریش لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانیش لە بەرامبەر سەرۆکی حکومەت ئەوەم وتووە کە دژی خوێندنم بە پارە و دژی خوێندنی پارالێلم." 

 

وتیشی، "لەساڵی یەکەمی ئەم کابینەیەدا 45%ی کرێی خوێندنمان داشکاند، هیوادارم ساڵی داهاتوو بتوانین کارێک بکەین کە شتێک نەمێنێت بەناوی خوێندنی پارالێل، چونکە بووەتە جۆرێک لە دروستکردنی ناعەدالەتی." 

 

وەزیری خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەشکرد، "لەڕاستیدا ئێمە خوێندنی بە پارەمان دانەهێناوە، خەڵکیتر هێناویەتی، هەروەک چۆن دەرماڵەکەش خەڵکیتر کردوویەتی." 

 

ئەمڕۆ شەممە 27ی تشرینی دووەمی 2021، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ لەگەڵ بەشێک لە قوتابیانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لە کۆلێژی پەروەردەی بنیات کۆبووەوە و تیایدا ڕایگەیاند، "لە هیچ شوێنێکی دونیا نەبووە بە خۆڕایی بخوێنیت و داوای دەرماڵەش بکەیت."  ئەوەش کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە.   

  

لەدوای کۆبوونەوەکە مەسرور بارزانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "خۆشحاڵ بووم کە لە نزیکەوە لەگەڵ خوێندکاران گفتوگۆمان کرد تا لە نزیکەوە گوێ لە کێشە و داواکارییەکانیان بگرین و ئێمەش باسی دۆخی هەرێم و سیاسەتی حکومەتمان بۆ کردن."   

  

وتیشی، "ئەو داواکارییانەی کە ڕەوان و قوتابیان داوای دەکەن ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆیان جێبەجێ دەکەین، لە سەرووی هەموویانەوە دروستکردنەوە و رێکخستنەوەی بەشە ناوخۆییەکان لە ئەولەویەتی کارەکانمان دەبێت."   

  

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جارێکیتر قوتابیانی لە پێدانی دەرماڵە بێئومێت کردەوە و ڕایگەیاند، "ئەو قوتابیانەی پێویستیان بە هاوکاری هەیە و کەمدەرامەتن لێکۆڵینەوەی لێدەکەین بۆ ئەوەی بتوانین بەشێوەیەکی ڕیشەیی چارەسەری ئەو گرفتانە بکەین."   

  

سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەشکرد، "ئامانجمان ئەوەیە ئاستی خوێندن لە هەرێم بەرەو پێشتر ببەین و شێوازی ژیانی قوتابیان باشتر بکەین و هەلی کاریان بۆ بڕەخسێنین ئەوەش کاری هەموومانە کە پێکەوە ئەنجامی بدەین، چونکە هەموومانە ئەرک و مافمان هەیە."