ناس کورد-
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ڕایگەیاند، سەرکردایەتیی حیزبەکەی هاوڕان لەسەر بەکارنەهێنانی هێز لە کێشە ناوخۆییەکاندا، دەشڵێت، سیستەمی هاوسەرۆکی بۆ بەڕێوەبردنی یەکێتی گونجاو نیە و دەبێت سیستەمێک پەیڕەو بکرێت لەگەڵ دۆخی ئێستای حیزبەکە بگونجێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
پۆڵا تاڵەبانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی (شەممە 27ی تشرینی دووەمی 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "سەرکردایەتی یەکێتی لەهەوڵدایە، کێشە ناوخۆییەکان بەگفتوگۆ چارەسەر بکات، لەهەوڵەکانمان بەردەوامین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە دیالۆگ و گفتوگۆ."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەندێکجار ڕووداوەکان سەردەکێشن بۆ دۆخی نەخوازراو، لە کاتێکدا ئەو دۆخە نەخوازراوە خواستی هیچ سەرکردەیەکی یەکێتی لەسەر نیە بە هاوسەرۆکیشەوە، کەس لەگەڵ ئەوەنیە کێشەکان بەهێز چارەسەر بکرێن، هەمووی لەگەڵ دیالۆگ و گفتوگۆدایە."
لەبارەی جەختکردنەوەی لاهور شیخ جەنگی لەسەر ئەوەی کە هاوسەرۆکی شەرعیی یەکێتییە، پۆڵا تاڵەبانی باسی لەوەکردووە، "بەشێکی زۆر لەناوخۆی یەکێتی پێیانوایە سستمی هاوسەرۆکی گونجاو نیە، لەگەڵ ئەوەن شتێکی گونجاو بدۆزرێتەوە کە لەگەڵ واقیعی یەکێتی بگونجێت."
لەبارەی لێکەوتنەوەی قوربانی لە کێشە نێوخۆییەکانی یەکێتی و کوژرانی عەقید موراد کانی کوردەیی، پۆڵا تاڵەبانی ڕایگەیاندووە، "بەیاننامەکەی ئەنجومەنی ئاسایش ڕوونبوو، بڕیاڕی دەستگیرکردنی هەبووە و خۆی ڕادەست نەکردووە، لەئەنجامدا ئەو دۆخە ڕوویداوە."