گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕاگەیەنراوێک لە بنەماڵەی موراد کانی کوردەیی: وەڵامی تووندمان دەبێ

2021.11.26 - 15:17
App store icon Play store icon Play store icon
ڕاگەیەنراوێک لە بنەماڵەی موراد کانی کوردەیی: وەڵامی تووندمان دەبێ

ناس کورد-

بنەماڵەی عەمید موراد کانی کوردەیی ڕاگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنن، عەمید کانی کوردەیی دوای ئەوەی تەقەی لێکراوە و بریندارکراوە، بە برینداری رفێندراوە، دواتر "لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستداوە".ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت لە کاتی رووبەڕووبوونەوەدا لەگەڵ "هێزێکی فەرمی" کوژراوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   


ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 25ی نۆڤێمبەری 2021 عەمید موراد عەبدولڕەحمان عەوڵا، ناسراو بە موراد کانی کوردەیی و دوو لە پاسەوانەکانی بە ناوەکانی خۆشناو وەیسی و هاوکار نازم، لە نێو سەنتەری شاری رانیەوە لەلایەن هێزێکەوە تەقەیان لێکرا و بە هۆیەوە گیانیان لەدەستدا.



ئەمڕۆ هەینی تەرمی موراد کانی کوردەیی لە گۆڕستانی شەهیدان لە کۆیە بەخاکسپێردرا و بنەماڵەکەشی راگەیێندراوێکیان لە بارەی رووداوەکە بڵاوکردەوە.



لە راگەیێندراوی بنەماڵەکەیدا هاتووە: "عەمید (موراد عەبدولڕەحمان عەوڵا) ناسراو بە (موراد کانی کوردەیی ) و دوو لە پاسەوانەکانی بە ناوەکانی (خۆشناو وەیسی و هاوکار نازم ) لە کردەوەیەکی تیرۆریستی و ترسنۆکانەدا و بە پیلانێکی هاوبەش و نەخشە بۆ دارێژراوی دوو دەزگای ئەمنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، بەشێوەیەکی زۆر نامرۆڤانە شەهیدکران و پاسەوانێکیشی بەناوی (سەرکار فاخیر) بریندارکراوە. یەکێک لە هاوڕێکانیشی بەناوی ( فرسەت قادر ئەحمەد) فرێندراوە و تائێستا چارەنووسی نادیارە".



"ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان" روونکردنەوەیەکی لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی هێزە ئەمنییەکان و موراد کانی کوردەیی بڵاوکردەوە و دەڵێت، لەکاتی جێبەجێکردنی بڕیاری دەستگیرکردنی، موراد کانی کوردەیی و پاسەوانەکانی رووبەڕووی هێزێکی ئەمنیی "فەرمی" دەبنەوە. بەهۆیەوە کارمەندێک دەکوژن و سێ کەسیش بریندار دەکەن. هاوکات خۆی و دوو پاسەوانی "دەکوژرێن."



بنەماڵەکەی لەو بارەیەوە دەڵێن: "عەمید موراد کانی کوردەیی، پلەی سەربازیی هەبووە و بەڕێوەبەری فەرمانگەی یاسایی پۆلیسی راپەڕین بووە، دوێنێ دەوامی رەسمی خۆی کردوەە، هەر داوا و سکاڵایەکی یاسای لەسەر بووبێت، دەکرا بەشێوەیەکی یاسایی و بە رێکار و عورفی سەربازیی ئاگادار بکرایەتەوە".



بنەماڵەی موراد کانی کوردەیی، روونکردنەوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش رەتدەکەنەوە و دەڵێن: "هەموو ئەو تۆمەتە بێبنەما و چەواشەکارییانەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم بە تووندی رەتدەکەینەوە و رایدەگەیەنین ئەو تۆمەتە بۆ داپۆشینی کارە قێزەونەکەیانە و دەیانەوێت کەیسەکە بەلارێداببەن، لەکاتێکدا خوێن لە جەستەی عەمید موراد دەچۆڕا جارێکیتر بەم تۆمەتە دووجار شەهیدیانکرد و رق و تووڕەیی بنەماڵەکەشیان زیاتر کرد".



شەوی رابردوو بە چەندین شێوە و گێڕانەوە باس لە کوژرانی ئەو فەرماندە سەربازییە کرا. بنەماڵەکەی لە راگەیێندراوەکەدا وردەکاریی رووداوەکەیان گێڕاوەتەوە و دەڵێن: "عەمید موراد بە برینداری لە لایەن چەکدارەکانەوە رفێندراوە و دوای شەش کاتژمێر پەیوەندی بە کەسوکارەکەیەوە کراوە و پێیانگوتون بڕۆن تەرمەکەی لە پزیشکی دادی لە شاری سلێمانی وەرگرنەوە".



وەک بنەماڵەکەی باسی دەکەن، دوای وەرگرتنەوەی تەرمەکەی و توێکاری پزیشکی: "دەرکەوتوە کە عەمید موراد فیشەک بەرقاچی کەوتوە و نەمردووە، بەڵکو دوای قۆڵبەستکردنی بە برینداری بردوویانە و دواتر لەژێر ئەشکەنجەدانێکی زۆر دڕندانە گیانی سپاردوە، بەپێی راپۆرتی زارەکی پزیشکی دادی، کە لە کۆیە دووبارە بۆی کرایەوە، دەرکەوتووە کە شوێنی لێدانی کارەبا لەسەر دڵی و شوێنی چەقۆ و برینەکانی سەر جەستەی بەتایبەت بە پشت و ملیەوە و هەڵواسینی هەردوو دەستی بە روونی دەرکەوتووە کە لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی سپاردووە".



بەپێی روونکردنەوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش لەو رووبەرووبوونەوەیەدا کارمەندێکی ئەو هێزەی بۆ گرتنی موراد کانی کوردەیی چووبوون، گیانی لەدەستداوە. بەڵام بنەماڵەی کانی کوردەیی ئەو زانیارییە رەتدەکەنەوەو دەڵێن: "هەموو ئەو تۆمەتانەش رەتدەکەینەوە کە باس لەوە دەکرێت، کارمەندێکی ئەمنی کە ماوەی دوو مانگە لە دەزگای زانیاری بەشێوەی گرێبەست کاردەکات و بەبێ ئەوەی هیچ جۆرە مەشق و راهێنانی سەربازی کردبێت و بە ئەزموونێکی کەمەوە)، لەو رووداوەدا کوژرابێت، کە بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانەوە پەیوەندی بە خێزانەکەیەوە کراوە و پێیانگتراوە کە فیشەکی لەدەست دەرچووە و دوای برینداربوونی گیانی سپاردوە، دواتر بە ئەمبوڵانسێک تەرمەکەیان ناردووەتەوە".



بەپێی راگەیێندراوەکەی بنەماڵەی عەمید موراد، هاورێیەکی عەمید مورارد بەناوی (فرسەت قادر ئەحمەد) کە لەوکاتەدا لەگەڵیدابوە: "لەلایەن چەکدارەکانەوە رفێندراوە". دەشڵێن: "هەرچەندە شوێنی پەلاماردانەکە لە شوێنێکی دیاری ناو شاری رانیە بووە، بەڵام بۆ داپۆشین و شاردنەوەی راستیەکان، ئاسایش دەستبەجێ هەموو کامێراکانی ئەو ناوچەیەی هەڵگرتۆوەوە، بۆیە نازاندرێت بەرەو کوێ براوە و تائێستا چارەنووسی نادیارە".



هەر لەو راگەیێندراوەدا بنەماڵەی موراد کانی کوردەیی هۆشداریی دەدەن و دەڵێن: "بە هەموو لایەکی رادەگەیێنین کە تا ئەوکاتەی بڕیاردەر و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە ئاشکرا نەکرێن و رادەستی یاسا نەکرێن، پرسە بۆ شەهیدەکانمان دانانێین و ئەگەر لە ماوەیەکی زۆر کەمیشدا تاوانباران دەستگیر نەکرێن و نەخرێنە قەفەسی زیندانەوە، بە پێچەوانەوە پەتی دانبەخۆداگرتنمان دەپچڕێت و وەڵامی تووندمان دەبێت بەرامبەر ئەو تاوانەی دەزگای زانیاری کە دەرهەق بەرۆڵەکانی ئێمە ئەنجامیداوە".



داواش لە ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژوەندییەکان و سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی یەکێتیی و سەرجەم ئەندام و کادر و لایەنگرانی یەکێتیی دەکەن کە هەڵوێستی جدییان هەبێت لەسەر رووداوەکانی ئەمدوایەی ناو یەکێتی.