ناس کورد-
ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی کوژرانی عەقید موراد کانی کوردەیی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەو هێزە بۆ دەستگیرکردنی ناوبراو بە بڕیاری دادگا چوون، بەڵام لەکاتی جێبەجێکردنی بڕیارەکە موراد کانی کوردەیی و پاسەوانەکانی رووبەڕووی ھێزەکە دەبنەوە رووبەڕووی ھێزەکە بوونەتەوە و کارمەندێکی ئەمنییان شەهید کردووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕوونکردنەوەیەکەدا، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم دەشڵێت، "لەئەنجامی وەڵام و دەستپێشخەری یاساشکێنان و ھەڵھاتوان موراد کانی کوردەیی و دوو لە پاسەوانەکانی کوژراون."
زیاتر بخوێنەرەوە: هەواڵی دژبەیەك هەیە لەبارەی چارەنووسی موراد کانی کوردەیی
دەقی ڕوونکردنەوەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم:
سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ ٢٥ی ١١ی ٢٠٢١ ھێزێکی فەرمی بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگا و سەروەریی یاسا بۆ دەستگیرکردنی داواکراو (موراد کانی کوردەیی) لە شاری رانیە بەشێوەیەکی مەدەنی و یاسایی ئەرکی دەستگیرکردنی ناوبراویان پێسپێردرا، لەکاتی جێبەجێکردنی بڕیارەکە موراد کانی کوردەیی و پاسەوانەکانی کە لەگەڵیدا بوون رووبەڕووی ھێزەکە دەبنەوە کە لەکاتی ئەرکدا بوون بۆ جێبەجێکردنی سەروەری یاسا، کارمەندێکی ئەمنی بە ناوی (شامل زرار ئیسماعیل) شەھید دەکەن و سێ کەسی تریش بریندار دەکەن.
لەئەنجامی وەڵام و دەستپێشخەری یاساشکێنان و ھەڵھاتوان موراد کانی کوردەیی و دوو لە پاسەوانەکانی دەکوژرێن.
لێرەوە بۆ رای گشتی رووندەکەینەوە دەزگا ئەمنییەکان بەدواداچوون دەکەن بۆ دەستگیرکردنی ھەموو ئەو تۆمەتبارانەی پەیوەستن بەم رووداوەوە و لەدادگا ھەڵھاتوون و سەرجەم تۆمەتباران راپێچی بەردەم دەسەڵاتی دادوەری دەکرێن.