ناس کورد-
جێگری پێشووی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق کە پارتییە ڕایگەیاند، شیعەكان لە نێوخۆیاندا لە گفتوگۆی بەردەوامدان و جەخت دەکاتەوە کە "ھیچ دەستكارییەكی دەنگەكانی پارتی نەكراوە و ھیچ كورسییەكی پارتی بە فەرمی كەم نەكراوەتەوە".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەشیر خەلیل حەداد لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان (24ی تشرینی دووەمی 2021) دەڵیت، "تا ئێستا ھیچ دەستكارییەكی دەنگەكانی پارتی نەكراوە و ھیچ كورسییەكی پارتی بە فەرمی كەم نەكراوەتەوە، پێویستە چاوەڕێ بكەین ئەنجامی كۆتایی رابگەیەندرێت ئەوكات دیار دەبێت و پارتیش لە كاتی خۆیدا ھەڵوێستی خۆی دەبێت".
دەشڵێت، "لەو دۆخەی ئێستادا ھەموو لایەنەكان لە چاوەڕوانیی ئەوەدان ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن رابگەیەندرێت و دواتر دادگای فیدراڵی بڕیاری كۆتایی بدات، چونكە ئەنجامی كۆتایی ھەڵبژاردن بەزەحمەت بووە و ھەندێك لایەن ھەڕەشە دەكەن و تەنانەت لە دوای ِڕاگەیاندنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەكانیش، گومان لەوە دەكرێت كە ئایا دادگای فیدراڵی چۆن پەسەندی دەكات، چونكە ئەگەر دۆخی ئەمنی و سەقامگیریی عێراق تێكبچێت، ڕەنگە دوابكەوێت."
حەداد وتیشی، لە ئێستادا گفتوگۆی بەردەوام دەكرێت لە نێوان تەیاری سەدری و لایەنەكاندا، بۆ ئەوەی بگەنە رێككەوتن و تا ئێستاش ھەر بەردەوامن و چاوەڕێ دەكرێت لە رۆژانی داھاتوودا بگەنە ئەنجامێك.
جێگری پێشووی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ڕوونیشی كردەوە، ڕەنگە راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی، كاتی زیاتری پێویست بێت، چونكە پێویستە بە جۆرێك بێت ھیچ گرژییەك دروست نەبێت.
دەشڵێ: "پێویستە پەلە بكرێت لە راگەیاندنی ئەنجامەكان و حكوومەتی نوێ دروست بكرێت و پەرلەمان دەستبەكار بێت، چونكە پەرلەمان كاتی بەسەر چووە و حكوومەتیش كاربەڕێكەرە و دەسەڵاتەكانی سنووردارن، بۆیە گرنگە پەلە بكرێت.