ناس کورد-
ژمارەیەک چالاکوانى و رۆژنامەنوس لەبەغدا گردبوونەوە بۆ پشتیوانى لە خۆێندکارانى خۆپیشاندەر لەهەرێمى کوردستان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەشداربووانى گردبوونەوەکە دروشمى "گەنجانى بەغدا لەگەڵ خوێندکارانى کوردستانن" یان بەرزکردەوە.
ئەمڕۆ بۆ ڕۆژی سێیەم لەسەریەک خۆپیشاندانی خوێندکاران لە سلێمانی بۆ داواکردنی دەرماڵە بەردەوام بوو، خۆێندکاران لە زانکۆی سلێمانییەوە بەرەو بەردەرکی سەرای سلێمانی بەڕێکەوتن، بەڵام لە نزیک شەقامی سەهۆڵەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕێگرییان لێ کرا، دواتر لە بەردەم مەڵبەندی یەکی ڕێکخستنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گرژی و ئاڵۆزی دروست بوو.
خوێندکاران قسەیان بۆ پەیامنێری ناس کورد کرد و دەڵێن، ئەمڕۆ ئەوان شەقام ناگرن و بەشێوەیەکی هێمنانە داوای مافی خۆیان دەکەن و هیوادارن حکومەت بە دەم داواکەیانەوە بچێت.
ماوەی سێ ڕۆژە خۆپیشاندانی خوێندکاران بۆ داواکردنی دەرماڵەکانیان دەستیپێکردووە و دوێنێ دووشەممە خۆپیشاندانەکە گرژی لێکەوتەوە و چەند خوێندکارێک برینداربوون.
وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم لە ڕوونکردنەوەیەکدا (22ی تشرینی دووەمی 2021) دەڵێت، بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی ژمارە (1018) لە بەرواری 11/2/2014 و بەهۆی قەیرانی داراییەوە خەرجكردنی دەرماڵەی خوێندكاران ڕاگیراوە.
دەشڵێت، پێش 2014 و دوای پهسهندكردنی بودجه له پهرلهمانهوه تخصيصات بۆ دەرماڵەی خوێندكاران دانراوه و ههر لە وەزارەتی خوێندنی باڵاوه خهرجكراوه و به هیچ جۆرێك نههاتۆتهوه بۆ وهزارهتی دارایی و پهیوهندی به داراییهوه نییه.