ناس کورد-
پیاوێکی هندی دوای ئەوەی بەهۆی ڕووداوێکی هاتوچۆوە بە سەختی بریندار دەبێت و لە هۆش خۆی دەچێت، پزیشکان و کەسوکاری وادەزانن مردووە، بەڵام دوای زیاتر لە حەوت کاتژمێر مانەوەی لە ساردخانە هەڵدەستێتەوە و خێزانەکەی توشی شۆک دەکات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەگوێرەی ئاژانسی "بی بی سی" پیاوێکی هندیی تەمەن 45 ساڵ بەناوی "سریکش کۆمار" شەوی پێنجشەممەی ڕابردوو 18ی تشرینی دووەمی 2021، لە ڕووداوێکی هاتوچۆی سەختدا ماتۆڕسکیلێک لێی داوە و دواتر بەپەلە گەیەنراوەتە ناوەندێکی تەندروستیی تایبەت، دوای پشکنین پزیشکەکە بە کەسوکارەکەی وتووە کە پیاوەکە گیانی لەدەستداوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، بەهۆی ئەوەی ڕووداوەکە لە شەودا ڕوویداوە بۆیە بەمەبەستی پشکنینی دادی، تەرمی پیاوەکە براوەتە ساردخانە و لەوێ کراوەتە نێو ساردکەرەوەی تایبەت بە تەرم و تا بەیانی لەوێدا بووە.
دوای ئەوەی بۆ ڕۆژی دواتر خێزانەکەی چوونەتە ساردخانە بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی پزیشکی دادی، بەڵام لەوێ یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەی هەست بەوە دەکات کە کۆمار دەجوڵێتەوە و دەڵێت، "ئەو نەمردووە هەناسە دەدات و دەیەوێت شتێک بڵێت."
دکتۆر شیو سینگ، بەڕێوەبەری ناوەندی تەندروستیی مورادئاباد کە تەرمەکەی لێ بووە دەڵێت، کاتژمێر 3:00ی بەرەبەیان سەردانی کردووە، بەڵام هیچ شتێکی نەدیوە کە هەست بکات کۆمار زیندووە.
کۆمار لەدوای ئەوە لە ساردخانە و لەنێو مردوواندا براوەتە دەرەوە، هەرچەندە هێشتا بەتەواوی بەهۆش خۆی نەهاتووەتەوە، بەڵام پزیشکان وتوویانە کە ژیانی لە مەترسی دەرچووە.