ناس کورد-
بزوتنەوەى گۆڕان پشتگیری خۆی بۆ خۆپیشاندان و داواکاری خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان ڕاگەیاند و ڕایگەیاند، "دەنگمان لەگەڵ دەنگیانە".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بزوتنەوەی گۆڕان لە ڕاگەیەنراوێکدا (22ی تشرینی دووەمی 2021) دەڵێت، "پشتگیری تەواوی داوا رەواکانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی پارێزگاکانی سلێمانی، ھەڵەبجە، ئیدارەکانی ڕاپەڕین و گەرمیان دەکەین کە ئەمڕۆ بەھۆی خۆپیشاندان بۆ داواکردنی دەرماڵەکانیان روبەڕووی توندوتیژی و ئازاردان بوونەوە و ژمارەیەکیان دەستگیرکران."
دەشڵێت، "ئێمە لە کاتێکدا لەگەڵ مافە رەواکانی خوێندکارانین و دەنگمان لەگەڵ دەنگیانە، داواش دەکەین حکومەت و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لەبری بەکارھێنانی توندوتیژی و گوێنەگرتن لە داواکانی خوێندکاران، بەپیر داخوازییەکانیانەوە بچن و دەرماڵە و پێداویستیەکانی خوێندنیان بۆ دابین بکەن."
گۆڕانی جەختی کردووەتەوە کە "ئەرکی ھێزە ئەمنیەکانیشە مامەڵەیەکی تەندروست و مەدەنیانە لەگەڵ خۆپیشاندەران بکەن و، ھاوکاری ئارامی و ئاسایشی شارەکان و پاراستنی گیانی خۆپیشاندەران بن."
هاوکات سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی خۆپیشاندانی خوێندکاران بۆ داواکردنی دەرماڵە بڵاوکردەوە و دەڵێت، پشتگیری لە داوای خوێندکاران دەکەن، دەشڵێت، " جەختدەکەینەوە لەسەر پاراستنی حەرەمی زانکۆ و ئیدانەی هەر پێشێلکارییەک و توندوتیژییەک دەکەینەوە کەلەدەرەوەی یاسا و رێنماییەکان ئەنجامدرابێت، هەربۆ ئەم مەبەستەش لیژنەیەکی بەدواداچون لەسەر ئاستی زانکۆ دروست دەکەین بۆ دەرخستنی راستییەکان و گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی."
ئەمڕۆ دووشەممە 22ی تشرینی دووهەمی 2021 لە زۆربەی شارەكانی هەرێمی كوردستان، بەشێك لە خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان، گردبوونەوەی نارەزایەتیان ئەنجامدا.
هەر لەو چوارچێوەیەدا خۆپیشاندانەکەی خوێندکاران لە بەردەم زانکۆی سلێمانی بۆ داواکردنی دەرماڵە گرژی لێکەوتەوە و بەهۆی تەقەی گازی فرمێسک ڕێژی هێزە ئەمنییەکانەوە کچە خوێندکارێک بە سەختی برینداربوو.