ناس کورد-
هێزەكانی كۆماندۆ هەواڵی خرانە حاڵەتی ئامادەباشییان بەهۆی خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی سلێمانی ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت، بۆ پاراستنی خەڵکی کوردستان دروستبوون.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕوونکردنەوەیەکدا هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان (دووشەممە 22ی تشرینی دووەمی 2021) ڕایگەیاند، " سەرجەم ئەو هەواڵانەی لە پەیچە سێبەرەکانەوە بەناوی کۆماندۆ بڵاو دەکرێنەوە دوورن لە ڕاستییەوە، کۆماندۆ لە سەرەتای دروست بوونیەوە بۆ پاراستنی خەڵکی کوردستان کاری کردووە و قوربانیشی داوە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، " بەم جۆرە هەواڵانە کۆماندۆی کوردستان ناشرین نابێت ئامانجمان ڕوونە پاراستنی خەڵکی کوردستان ئەرکی ئێمەیە."
ئەوەش لەکاتێکدایە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەوە بڵاوکرایەوە کە هێزی كۆماندۆ خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ هەر حاڵەتێكی لەناكاوی خۆپیشاندانی خوێندكاران.
ئەمڕۆ دووشەممە 22ی تشرینی دووهەمی 2021 لە زۆربەی شارەكانی هەرێمی كوردستان، بەشێك لە خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان، گردبوونەوەی نارەزایەتیان ئەنجامدا.
هەر لەو چوارچێوەیەدا خۆپیشاندانەکەی خوێندکاران لە بەردەم زانکۆی سلێمانی بۆ داواکردنی دەرماڵە گرژی لێکەوتەوە و بەهۆی تەقەی گازی فرمێسک ڕێژی هێزە ئەمنییەکانەوە کچە خوێندکارێک بە سەختی برینداربوو.