ناس کورد-
بەگوێرەی سەرچاوە کەشناسییەکانی هەرێم، بەهۆی کاریگەری بەرزە پاڵەپەستۆیەک لە تورکیاوە، تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە کەشوهەوای هەرێم سەقامگیر دەبێت و هیچ ئەگەرێکی بارانبارین لە ئارادا نابێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی (دووشەممە 22ی تشرینی دووەمی 2021) ڕایگەیاند، " سبەی لەئەنجامی دەستپێکردنی کاریگەری بەرزەپاڵەپەستۆیەکی لاوازی باکوری تورکیا لەسەر ناوچەکە ئاسمانی ھەرێم بە زۆری ساماڵ دەبێت لەگەڵ بوونی پەڵە ھەورێکی کەم و لەکاتەکانی بەرەبەیاندا ئەگەری دروستبوونی تەم و مژ ھەیە لە ناوچە شاخاوییەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەرزترین پلەکانی گەرما بەم شێوەیە دەبێت لەسەنتەری پارێزگاکانی ھەرێم ( سلێمانی ١٧ پلە، ھەولێر ٢٠ پلە، دھۆک ١٩ پلە، ھەڵەبجە ١٧ پلە، کەرکوک ٢١ پلە ) لەناوچەکانی گەرمیان لە نێوان ٢٢ بۆ ٢٣ پلە دەبێت لە سنوری ئیدارەی راپەرین لەنێوان ١٨ بۆ ١٩ پلە دەبێت، هەروەها خێرایی با ئاسایی دەبێت ١٠-١٥ کم/س لە ئاراستەی باشوری رۆژئاواوە لەشەودا دەگۆرێت بۆ باکوری رۆژئاوا ."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "بەگشتی تا کۆتایی ئەم ھەفتەیە کەشوھەوای ناوچەکە بەشێوەیەکی سەقامگیر دەمێنێتەوە و پلەکانی گەرماش لە ئاستێکی جێگیردا دەبێت."
بەگوێرەی پێشبینییەکانی ئەو کەشناسە، " لە رۆژی ھەینی ٢٦-١١-٢٠٢١ کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆیەکی لاواز و ماوە کورت کاریگەری لەسەر ناوچە سنوری و شاخاوییەکانی باکور و رۆژھەڵاتی پارێزگای دھۆک و ھەولێر دەبێت کە خۆی لەنمە باران بۆ بارانێکی کەمدا دەبینێتەوە و تا سەرەتای مانگی داهاتوو ئەگەری ھاتنی شەپۆلی باشی بارانبارین بۆ ناوچەکە لە ئارادا نابێت و کەش بە سەقامگیری دەمێنێتەوە."