کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد-
لە گەرمەى بارگرژییەکانی ئەمریکا و ئێران و توندبوونی سزا و گەمارۆکانى ئەمریکا بۆسەر ئێران، لە بەرانبەردا چەند هەوڵ و هەنگاوێکى جدی نراون بۆ گفتوگۆ و دانوستانی ڕاستەوخۆ لەنێوان حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانى ڕۆژهەڵات و حکومەتى ئێران.
بەپێی زانیارییەکانى ناس کورد، لەسەر پێشنیازی سیاسەتمەدارێکى ناسراوی ڕۆژهەڵات، ناوەندی نەرویجی بۆ چارەسەریی ناکۆکییە چەکدارییەکان دەستپێشخەرییەکى بۆ حزبەکانى ڕۆژهەڵات و حکومەتى ئێران کردووە تاوەکو دانوستانی ڕاستەوخۆ بکەن.
هەر بەپێی زانیارییەکان، لە دوو هەفتەى ڕابردوودا، شاندێکى ناوەندی هاوکاریی حزبەکانى کوردستانی ئێران سەردانی نەرویجی کردووە و لەگەڵ ڕێکخراوەکەدا کۆبوونەوەتەوە و دەستپێشخەرییەکەیان قبوڵکردووە بەڵام بە مەرج.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پێکهاتووە لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، حیزبی دیموکراتی کوردستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران.
ئیسماعیل ڕەحمانی، نوێنەری حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە سلێمانی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکەى لە نەرویج پشتڕاستکردەوە و بە ناس کوردی وت، لە دانیشتنەکەدا حزبەکانى ڕۆژهەڵات چەند مەرجێکیان داناوە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران.
.
ئیسماعیل ڕەحمانی وتیشی، "دانیشتنەکە هیچ نوێنەرێکى کۆماری ئیسلامی ئێرانی تێدانەبووە و ئاگاداریش نین لە هەڵوێستی ئێران."
ئەو لەبارەى مەرجەکانەوە بە ناس کوردی وت، "یەکێک لە مەرجەکان ئەوەیە کە ئێمە هیچکات بە نهێنی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی گفتوگۆ ناکەین و دەبێت دانوستانەکان بە ئاشکرا بن و بە چاودێری لایەنێک بەڕێوەبچن."
.
وتیشی، "مەرجەکانی تر پەیوەندییان بە دۆخی کوردی ڕۆژهەڵات و مافەکانییەوە هەیە."
هاوکات هەر دوێنێ، 6ی تەموزی 2019،
كۆبوونەوەی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران بە بەشداریی كەسانی یەكەمی حیزبەكان و بە میوانداریی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بەڕێوەچوو، بەپێی زانیارییەکانیش، ئەو دەستپێشخەرییە یەکێک بووە لە تەوەرە سەرەکییەکانى کۆبوونەوەکە.