ناس کورد-
وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق هۆشداری دەدات لەوەی ئەگەر هاووڵاتیان پابەندی ڕێنماییەکان نەبن و ڤاکسینی کۆرۆنا وەرنەگرن، ئەوا شەپۆلی چوارەمی ڤایرۆسەکە بەشێوەیەکی مەترسیدار ڕوودەدات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
د. ڕیاز عەبدولئەمیر، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی تەندروستیی گشتی (شەممە 20ی تشرینی دووەمی 2021) بە ئاژانسی فەرمیی عێراقی ڕاگەیاند، "عێراق تا ئێستا نەچووەتە ناو شەپۆلی چوارەمی کۆرۆناوە، زیادبوونی ژمارهى توشبووان نیشاندەری هاتنە ناوەوەی شەپۆلی چوارەمە، بەڵام تائێستا ئامارى ڕۆژانەى توشبووان لە یەک ئاستدا ماونەتەوە و زیادی نەکردووە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "چەندین فاكتهر هەن کە یارمەتی چوونە ناو شەپۆلی چوارەم دەدەن، ئهوانیش بریتیین له خۆدزینهوه لە وەرگرتنی ڤاکسین و پابەندنەبوون بە ڕێنماییە تەندروستی و خۆپارێزییەکان".
سەبارەت بە دووبارە توشبوونەوە، ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستیی عێراق باسی لەوەکردووە، "دروستبوونی دژەتەنی توشبووهکانی پێشوو کورتخایەنه و پاش ماوەیەک پارێزبەندی کەم دهبێتهوه و ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانەی کە پارێزبەندییان کەم بووەتەوە تووش دهبنەوە، جگە لەوەیش ژمارەیەکی زۆر تا ئێستا توش نەبوون، واتە لەگەڵ بوونى ڤایرۆسهكه و گۆڕانى پلەی گەرما، ڤایرۆسەکە چالاک دەبێت و شەپۆلی نوێ ڕوودەدات".
داواشی لە هاووڵاتیان کردووە، بچن بۆ سەنتەرەکانی کوتان بۆ وەرگرتنی ڤاکسین، چونکە لەکاتی خۆکوتاندا ئەگەر شەپۆلی چوارەمیش بگات ئهوه نیشانەکانی توشبوون سووك دهبن و توشبووان پێویستیان بە نەخۆشخانە نابێت."