کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح عێراق بە نیازە لە ئایندەیەکی نزیکدا 70 باڵیۆزی نوێ دابمەزرێنێ، کوردیش لە و دامەزراندنە پشکی دەبێت. . شێرکۆ میروەیس، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق، بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "بە مەبەستی فراوانکردنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی عێراق لە گەڵ وڵاتانی جیهاندا، بڕیارە 70 باڵیۆزخانەی نوێ لە جیهان بکرێنەوە کە پێشتر عێراق باڵیۆزخانەی تێدا نەبووە." . وتیشی: لە ئێستادا لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق و فراکسیۆنە جیاجیاکان، لە گەڵ سەرۆکایەتی پەرلەمان سەرقاڵی دۆزینەوەی میکانیزمێکن بۆ چۆنێتی دیاریکردنی پاڵێوراوەکان بۆ ئەو پۆستانە. . شێرکۆ میروەیس، ئاماژەی بەوەشدا، ئەو 70 باڵیۆزە نیوەی لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی عێراق دیاری دەکرێن، نیوەکەی دیکەشی لە لایەن فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمان دەستنیشان دەکرێن. . بەوتەی شێرکۆ میروەیس، هەر لایەنێکی سیاسی لە ناو پەرلەمانی عێراق بە پێى سەنگ و قورسایی خۆی پشکی بەردەکەوێت، کوردیش پشکی خۆی دەبێت لەو ژمارەیە. . بەپێى زانیارییەکانی ناس کورد، لە ئێستادا عێراق 55 باڵیۆزی لە سەرتاسەری جیهان هەیە. .