ناس کورد-
ئۆفیسی چاودێری سەرمایەی بیانی لە وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا چەند کەس و کۆمپانیایەکی ئێرانی بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ کاریگەری لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ساڵی 2020دا خستە ناو لیستی سزاکانەوە. وەزارەتی دادیش دوو لەو کەسانەی تۆمەتبار کردوە و داوایان دەکات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی زانیاریەکانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ئەو کەسانەی کە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن، لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنە سایبەرییەکانەوە هەوڵیانداوە متمانەی دەنگدەرانی ئەمەریکا لە پرۆسەی هەڵبژاردنی مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوو تێکبدەن و دووبەرەکی دروستبکەن، ئەوەش بەپێی دەنگى ئەمەریکا.
وەزارەتی خەزێنە دەڵێت کە ئەو کەسانە زانیاری هەڵەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکردووەتەوە و ئیمەیلی هەڕەشەئامێز و گرتەیەکی ڤیدیۆیی ساختەیان ناردووە.
وەزارەتەکە هەروەها ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ڤیدیۆ ساختەکە هەوڵێکە بۆ لاوازکردنی متمانەی دەنگدەران لە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکادا و وای پیشانداوە کە خەڵکەکە دەتوانن دەنگی ساختە بخەنە سەندوقەکانی دەنگدانەوە.
بەپێی راپۆرتەکەی وەزارەتی خەزێنە ئەو کەسانەی کە لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن، لە نێوان مانگی8ی ساڵی 2020 تا مانگی 11ی ساڵی 2020، ئۆپراسیۆنە سایبەرییەکانی خۆیان ئەنجامداوە. هەروەها بە بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، کۆمپانیای 'ئیمەن نێت پاسارگاد' رێبەرایەتی ئەو هەوڵانەی کردووە.
کۆمپانیای ئیمەن نێت پاسارگاد کە ناوەکەی پێشتر 'نێت پەیگەرد سەماوات' بووە، پێشتر بە هۆی پشتگیرییەکانی لە ڕێکخراوی جەنگی ئەلیکترۆنی و سایبری سوپای پاسدارانی ئێران، لەلایەن ئەمەریکاوە خرابووە لیستی سزاکانەوە.
ناوی ئەو کەسانەی کە وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاندوون، بریتین لە سید محەممەد حوسێن موسا کازمی، سەجاد کاشیان، مستەفا سەرمەدی، سیدمەهدی هاشمی تۆغرۆلجەردی و حوسێن ئەکبەری نۆدە.
بە گوێرەی وەزارەتی خەزێنە، هاوکات وەزارەتی دادی ئەمەریکاش، داوای سید محەممەد حوسێن موسا کازمی و سەجاد کاشیان کردوە.
ئەو وەزارەتە دەشڵێت وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بەپێی بەرنامەی پاداشت بۆ دادپەروەری، تا 10 ملیۆن دۆلار خەڵاتی هەر کەسێک دەکات کە زانیاری دەربارەی چالاکیەکانی ئەو دوو کەسەوە ڕابگەیەنێت.