گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نوێ

زانیاریی نوێ؛ وردەکاریی دانانی 225 کامێرای هاتوچۆ لە سلێمانی

2021.11.18 - 18:31
App store icon Play store icon Play store icon
زانیاریی نوێ؛ وردەکاریی دانانی 225 کامێرای هاتوچۆ لە سلێمانی

ناس کورد- 

عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان وردەکاریی دانانی 225 کامێرای دیاریکردنی تیژڕەوی لە سلێمانی ئاشکرا دەکات و دەڵێت، ئەو پڕۆژەیە دراوە بە کۆمپانیا و پارەی سزای هاووڵاتیان بۆ کۆمپانیاکە دەچێت، دەشڵێت، پڕۆژەکە لەماوەی ٥٠٠ ڕۆژدا جێبەجێدەکرێت و ئێستاش بیناکەی لە نێو ھاتوچۆی سلێمانی لە قۆناغی كۆتایی دایە. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە ڕاگەیەنراوێکدا عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان (پێنجشەممە 18ی تشرینی دووەمی 2021) ڕایگەیاند، "پێشتر کاری عەریزە نوسین لە بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی ھاتوچۆ لە چەند کەسێکی ھەژار وەرگیرایەوە کە بژێوی ژیانیان لەسەربوو، درا بە کۆمپانیا و نرخکەی چەندین قات لە سەر ھاوڵاتی زیادکرا، ئێستاش بڕیار دراوە بە پێدانی کامێرای دیاریکردنی تیژڕەوی ئۆتۆمبیل بەکەرتی تایبەت، ئەم ھەنگاوە بەکارێکی نادروست دەزانم، چونکە سزا نادرێتە کەرتی تایبەت." 

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "پێشتر لە ڕێگای پەرلەمانەوە ئەم دۆسیەم جوڵاند، لە بری گفتوگۆ و چارەسەر، ڕەتکرایەوە و وتیان شتی وا نیە، بەڵام ئێستا بەرەو ئەوە دەچێت کارەکە بچێتە قۆناغی جێبەجێکردن، گرێبەست کراوە بۆ پێدانی کامێرای دیاریکردنی تیژڕەوی ئۆتۆمبیل بە کەرتی تایبەت، قۆناغی یەكەم تەواوی پارێزگای سلێمانی دەدرێتە کۆمپانیایەک بەناوی Early future." 

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، " کۆمپانیاکە ٢٢٥ کامێرا بۆ سەرتاسەری سلێمانی دادەنێت، ٤٢٠ ئۆتۆمبێل بۆ حکومەت دەکڕێت، ٥٣ ملیار دینار خەرج دەکات، لە ٥٠٠ ڕۆژدا کامێراکان دەکەونەکار، ئێستاش بیناکەی لە نێو ھاتوچۆی سلێمانی لە قۆناغی كۆتایی دایە." 

 

عەلی حەمەساڵح ئاماژەی بەوەشکردووە، " ٨٠٪ داھاتی کامێرا بۆ کۆمپانیایە و ٢٠٪‏ بۆ حکومەت، دوای ئەوەی کۆمپانیا کۆی خەرجییەکانی دەرھێنایەوە ڕێژەکە پێچەوانە دەکرێتەوە، گرێبەستەکەش بۆ ١٥ ساڵە." 

 

ئەو پەرلەمانتارە دەڵیت، "کامێرای ھاتوچۆ نابێت بدرێتە کەرتی تایبەت، چونکە ئەمە خزمەتگوزاری نیە، سزایە بۆ تیژڕەوی و سزاش نادرێتە کەرتی تایبەت، ئایا حکومەت ناتوانێت خۆی ئەم کامێرانە دابین بکات، لە بنەڕەتدا فکرەی کامێرای ھاتوچۆ بۆ کەمکردنەوەی تیژڕەوییە نەک کۆکردنەوەی پارە بۆ کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت، وەرگرتنی پارەی کامێرای دیاریکردنی تیژڕەوی ھیچ یاسایەکی نیە، چ جای ئەوەی بدرێتە کەرتی تایبەت." 

 

ڕوونیشی کردووەتەوە، "من ئەمڕۆ جارێکی دیکە ئەم دۆسیەم داوە بە داواکاری گشتی بۆ ڕاگرتنی و ڕێککاری یاسایی."

 

دانا فاتیح حەمەڕەش، بەڕێوەبەری ژمێریاری لە هاتوچۆی سلێمانی (پێنجشەممە 11ی تشرینی دووەمی 2021) بە ڕادیۆی هاتوچۆی سلێمانی ڕاگەیاند، "بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی پڕۆژەیەکی هەیە و گرێبەستی بۆ کراوە کە لە هەموو ڕێگاکانی ناوشار و دەرەوەی شار و ڕێگا خێرا و نیمچە خێراکان کامێرای جێگیر دادەنرێت."  

  

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو کامێرایانە وەک ئەمانەی ئێستا نین کە شۆفێران نزیکدەبنەوە لێی خاوی دەکەنەوە و دواتر تیژڕەوی دەکەنەوە، بەڵام ئەم کامێرایانە وا نین، چونکە کاتێک کامێرای یەکەم تێدەپەڕێنیت، حسابی ئەوە دەکرێت بە چەند خولەک گەیشتوویتەتە کامێرای دووەم، ئەگەر زووتر لەو وادەی خۆی بگەیت ئەوە کامێراکە دەزانێت کە خێراتر لە خێرایی دیاریکراو ڕۆیشتووی."