گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نوێ

كاندیدێكی دۆڕاوی فەتح لە كەركوك سەركەوت

2021.11.18 - 17:55
App store icon Play store icon Play store icon
كاندیدێكی دۆڕاوی فەتح لە كەركوك سەركەوت

ناس کورد-

بەگوێرەی بڕیارێكی دەستەی قەزایی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان كاندیدێكی دۆڕاوی هاوپەیمانی فەتح لە میانەی پێداچوونەوەی دەنگەكان سەركەوت بۆ پەرلەمان.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

دەقی بڕیارەكەی دەستەی قەزایی كە "ناس كورد" بینیویەتی (18ی تشرینی دووەمی 2021) جەخت لە سەركەوتنی غەریب عەسكەر دەكاتەوە لە هاوپەیمانی فەتح پاش پێداچوونەوەی تانەكان و بەراوردكردنی دەنگەكان و بەوەش لەجێی سەوسەن جەودان لە بەرەی تورکمانی سەردەکەوێت بۆ پەرلەمانی عێراق.

 

بڕیارەكە ئەوەشی تێدا هاتووە جیاوازی دەنگەكانی كاندیدەكە بەهۆی ژماردنەوەی دەستی دەركەوتووە. بەگوێرەی بەدواداچوونی "ناس كورد" یش كاندیدەكە لە ڕێكخراوی بەدری هادی عامرییە.

 

كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان ئاشكرای كرد ئەگەر هەیە بەهۆی بڕیارەكانی دەستەی دادوەرییەوە بۆ پێداچوونەوە و دووبارە ژماردنەوەی هەندێك لە وێستگەكان گۆڕانكاری لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن ڕووبدات بەتایبەت لە كاندیدەكان.   

 

ئەم لێدوانەی كۆمسیۆن بۆ كەناڵی فەرمی عێراق كە "ناس كورد" بینیویەتی لە كاتێكدایە ئەمڕۆ (18ی تشرینی دووەمی 2021) كۆتا وادەی وردبینییە لە ئەنجامەكان بۆ یەكلاییكردنەوەی تانەی سكاڵاكاران و كاندیدە سەرنەكەوتووەكان.  

  

وتەبێژی كۆمسیۆن جومانە گلای ئەوەشی ئاشكراكردووە لەكۆی 1430 راسپاردە لەبارەی چۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ تانەكان، دەستەی قەزایی هەزار بڕیاری دەركردووە، شەش لەو بڕیارانەش دووبارە ژماردنەوەی هەندێك وێستگە و هەڵوەشاندنەوەی هەندێك وێستگەی ترە كە پێشێلكاریی زۆری تێدا بووە.   

  

وتەبێژەكەی كۆمسیۆن ئەوەشی ئاشكراكرد ژماردنەوە 108 وێستگە دەگرێتەوە، هەندێكیشی هەڵدەوەشێنرێنەوە، بەتایبەت ئەوانەی دووبارەی پەنجەمۆری تێدایە و سەرپێچیكارانیش ڕووبەڕووی دادگا دەكرێنەوە، بەڵام ئەمە كاتی پێویستە، بەهۆی ئەوەشەوە ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی دوا دەكەوێت.  

  

بەگوێرەی زانیارییەكانی كۆمسیۆن لەهەندێ وێستگە جیاوازی دەنگ دەركەوتووە لە نێوان كۆتا براوە و یەكەم دۆڕاو، جیاوازییەكەش بەڕێژەی 5_20 دەنگ بووە، ئەمەش دەبێتەهۆی گۆڕانی ئەنجام.