ناس کورد-
لە گەڕەکی شۆراوی شاری کەرکوک ژن و مێردێک لە ماڵەکەی خۆیاندا کوژران و وتەبێژی پۆلیسی کەرکوکیش دەڵێت، تاوانبارەکان بۆ دزی کردن ئەو کارەیان کردووە و پێدەچێت ناسیاوی خۆیان بن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ڕووداوەکە درەنگانی شەوی ڕابردوو17ی تشرینی دووەمی 2021 لە گەڕەکی شۆراوی شاری کەرکوک ڕوویداوە و بەوتەی شاتەتحاڵانی ڕووداوەکە ئەو ژن و مێردە سەربڕدراون.
عامر نوری، وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە ڕووداوەکە ئاگادار کراونەتەوە و تاوانبارەکان بۆ مەبەستی دزی کردن ئەو کارەیان کردووە و پارە و زێڕ و ئۆتۆمبێلی ئەو خێزانەیان دزیوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆتۆمبێلەکە دۆزراوەتەوە و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە، تاوانبارەکان هێشتا دیاری نەکراون، بەڵام پێدەچێت ناسیاوی خۆیان بن.
بەوتەی شایەتحاڵانی ڕووداوەکە، ژن و مێردەکە بەتەمەن بوون و شوێنەواری چەقۆ بەسەر ملیانەوە بووە، بەڵام سەریان لە جەستەیان نەکراوەتەوە.
ئاماژەیان بەوەشکرد، پیاوەکە فەرمانبەر و ژنەکەش مامۆستا بووە، منداڵیان نەبووە و بەتەنها ژیاون.