گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

10 ڕۆژی یەكلاكەرەوە

هۆشیار زێباری: بە ترسناكترین قەیراندا گوزەر دەكەین

2021.11.17 - 13:22
App store icon Play store icon Play store icon
هۆشیار زێباری: بە ترسناكترین قەیراندا گوزەر دەكەین

ناس كورد-
هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی و وەزیری دەرەوە و دارایی لە كابینەكانی پێشووتری حكومەتی عێراق جەختی كردەوە ئەو قەیرانەی لەپاش هەڵبژاردن لە عێراق سەریهەڵداوە، ترسناكترینە لە پاش 2003 و عێراقییەكان چاوەڕوانی 10 ڕۆژی یەكلاكەرەوە دەكەن بۆ ئەوەی بەلایەكدا بكەوێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

هۆشیار زێباری لە میانەی بەشداریكردن لە كۆنفرانسی زانكۆی ئەمەریكی دهۆك كە "ناس كورد" بینیویەتی (17ی تشرینی دووەمی 2021) باسی لەوەكرد، یاسای هەڵبژاردنی فرە بازنەیی و سیستمی دەنگی نەگواستراوە كە ئەم ئەنجامانەی ئێستای لێ كەوتەوە، لیستە سیاسییەكان پەسەندیان كردووە لە پەرلەمان، بەڵام ئێستا پاش دەرچوونی ئەنجامەكان و كۆتاییهاتنی هەڵبژاردن هەندێك لایەن ڕازی نین دان بە ئەنجامەكاندا بنێن و ڕەتی دەكەنەوە.

 

زێباری باسی لەوەشكرد، ئەو خۆی بەبەشدار لە داڕشتنی ئەم سیستمە سیاسییە نوێیەی عێراق دەزانێت، باوەڕیشی وایە ئەو قەیرانەی لەپاش هەڵبژاردنی عێراق دروست بووە، ترسناكترینە لە مێژووی پرۆسەی سیاسی دوای 2003، لە ئێستاشدا هەوڵەكان بۆ ئەوەیە چۆن حكومەتی داهاتوو لەناو ئەو دابەشبوونە قووڵە پێكبهێنرێت و وتیشی "10 رۆژی یەكلاكەرەوە لەبەردەم عێراقدایە كە راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی و چۆنییەتی مامەڵەكردن لە گەڵیدا لەخۆ دەگرێت".

 

زێباری ستایشی چۆنییەتی بەرێوەچوونی هەڵبژاردنی كرد و باسی لەوەكرد بێگەرد و ئاسایی بووە.

 

لەپاش راگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی 10ی تشرینی یەكەمی 2021 ئەو هێزە شیعانەی كە پاشەكشەیان كردووە "چوارچێوەی هەماهەنگی" ئەنجامەكان ڕەت دەكەنەوە، لایەنگرەكانیشیان لەبەردەم ناوچەی سەوز گردبوونەتەوە، هەینی ڕابردووتر لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان كەوتنە شەڕەوە و كوژراو و برینداری لێ كەوتەوە، بەدوای ئەوەدا هێرش كرایە سەر ماڵی سەرۆك وەزیرانی عێراق و لە هەوڵی تیرۆركردن ڕزگاری بوو.