گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’دەرگاى دۆزەخ’’

پارتى لەسەر ’’زیادبوونى’’ کورسییەکى یەکێتى لەهەولێر هاتە دەنگ

2021.11.16 - 20:44
App store icon Play store icon Play store icon
پارتى لەسەر ’’زیادبوونى’’ کورسییەکى یەکێتى لەهەولێر هاتە دەنگ

ناس کورد-

 

بەرپرسێکى دەزگاى هەڵبژاردنى پارتى رایگەیاند، گۆڕانکاریی لەئەنجامى هەڵبژاردن قبوڵ ناکەن، ئەوەش دواى بڵابوونەوەى هەواڵى زیادبوونى کورسییەکى یەکێتى لەهەولێر بەپێی ئەنجامى تانەکانى هەڵبژاردن.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

میدیاکانى پارتى (16ی تشرینی دووەمی 2021)  لەزارى هاوار محەمەد، بەرپرسی بەشی یاسایی دەزگای هەڵبژاردنی پارتییەوە گواستیانەوە، هەر گۆڕانكارییەك لە دەرئەنجامەكان بووبێت، "یان لەژێر فشار كراوە یان سەفقەیەكی مادی لەپشتە بۆیە بەهیچ شێوەیەك قبووڵكراو نابێت و بەدواداچوونی یاسایی بۆ دەكەین".

 

دەشڵێت "هیوادارین كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان و دەستەی دادوەری، دەرگای دۆزەخ بەڕووی خۆیان و تەواوی عێراقدا نەكەنەوە".

 

ئەوە لەکاتێکدایە، پێشتر سەرچاوەیەكی نزیك لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان رایگەیاند، لە ژماردنەوەی دەستیی دەنگی هەندێك لە وێستگەكاندا كورسییەكانی یەكێتی گۆڕانیان بەسەردا هاتووە و هەرێم كەمال ئاغا لە هەولێر دەرچووە.   

  

بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەكی تر، خالید عوبەیدی وەزیری پێشووتری بەرگری لە بەغدا بەجیاوازی شەش دەنگ لە جێگەی كاندیدێكی فالح فەیازی سەرۆكی دەستەی حەشد دەرچووە، ئەمەش هەر لە ژماردنەوەی دەستیی دەنگی هەندێك لە وێستگەكان.  

  

بەو شێوەیە، کورسییەکانی یەکێتی دەبنە 18 کورسی.  

  

ناس هەوڵی دا لەسەرچاوەی فەرمییەوە زانیارییەكان پشت ڕاست بكاتەوە، بەڵام پەیوەندییەكان بەردەست نەبوون و هێشتا كۆنوسی كۆتایی ژماردنەوەكان لەدەستەی قەزایی كۆمسیۆن یەكلایی نەكراوەتەوە و بڕیارە تا كۆتایی هەفتە ئاشكرا بكرێت.  

  

سەرچاوەكانی ناس ئەوەیان ڕاگەیاند لە ئێستا خالید عوبەیدی و هەرێم كەمال ئاغا كە هەردووكیان پەرلەمانتاری خولی پێشوون لە بەغدا بەدواداچوون بۆ دەنگەكانیان دەكەن و هەردووكیان باسیان لەوەكردووە كورسییەكانیان بەدەست دەهێننەوە.   

  

لە هەڵبژاردنی 10ی تشرینی یەكەمی 2021 یەكێتی بە كاندیدەكانی خۆی و ئەوانەی پاڵپشتی دەكردن 17 كورسی بەدەستهێنا، ئەگەر ئەم گۆڕانكارییەش ساغ ببێتەوە و لە تێهەڵچوونەوەی كۆتایی پەسەند بكرێت ئەوە كورسییەكانی دەبنە 18 كورسی كە هەمان ژمارەی خولی پێشوو دەكات، لەبەرامبەریشدا كورسییەكی پارتی كەم دەكات.