ناس کورد-
جوڵانەوەى نەوەى نوێ داواى کەمکردنەوەى کورسییەکانى پەرلەمانى کوردستان لە 111 کورسییەوە بۆ 107 کورسی دەکات و جەخت لە هەڵبژاردن لەوادەى خۆیدا دەکاتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
جوڵانەوەکە (16ی تشرینی دووەمی 2021) لە راگەیەنراوێکدا پێشنیازیکردووە هەرێمى کوردستان بکرێت بە چوار بازنەى هەڵبژاردن و هەر پارێزگایەک بازنەیەک بێت. ژمارەى کورسییەکانى پەرلەمانى کوردستان کەم بکرێتەوە بۆ ١٠٧ کورسى. ژمارەى کورسییەکانى پێکهاتەکان کەم بکرێتەوە بۆ ٧ کورسى.
دەقى راگەیەنراوەکە:
سەبارەت بە بابەتى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان و کاراکردنەوەى کۆمسیۆنى سەربەخۆى هەڵبژاردن و راپرسى هەرێمى کوردستان، جوڵانەوەى نەوەى نوێ لەگەڵ ئەنجامدانى هەڵبژارداندایە لەوادەی خۆى و هاوکات لەگەڵ کۆمسیۆنێکى سەربەخۆ و بێلایەن و پیشەیین دور لە پشکپشکێنەی حیزبی، کە بتوانێت لەئاست ئەم قۆناغە و سەرپەرشتیکردنى هەڵبژاردنێکى پاک و بێگەرد بێت.
بۆ ئەو مەبەستەش، جوڵانەوەى نەوەى نوێ کۆمەڵێک پێشنیاز لەسەر یاساى هەڵبژاردنەکان و هاوکات کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان دەخاتە روو، کە تەواوى ئەو پێشنیازانە لە بەرژەوەندى خەڵک و پرۆسەیەکى خاوێنى هەڵبژاردن و پەرلەمانێکى بەهێزە، کە لەخوارەوە بەکورتى تێبینییەکان دەخەینە بەرچاوى راى گشتیى.
“تێبینی جوڵانەوەی نەوەی نوێ تایبەت
بە یاساى هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان”
یەکەم: هەرێمى کوردستان بکرێت بە چوار بازنەى هەڵبژاردن و هەر پارێزگایەک بازنەیەک بێت.
دووەم: ژمارەى کورسییەکانى پەرلەمانى کوردستان کەم بکرێتەوە بۆ ١٠٧ کورسى.
سێیەم: ژمارەى کورسییەکانى پێکهاتەکان کەم بکرێتەوە بۆ ٧ کورسى، بەم شێوەیە:
سلێمانى :
یەک کورسى مەسیحى.
یەک کورسى تورکمان (گەرمیان(
هەولێر :
دوو کورسى مەسیحى.
دوو کورسى تورکمان.
دهۆک :
یەک کورسى مەسیحى.
چوارەم: پێکهاتەکان لیستی تایبەت بە خۆیانیان دەبێت و تەنها هاوڵاتییانی ئەو پێکهاتانە بۆیان هەبێت دەنگ بدەن بە لیستى خۆیان،وە تۆمارى دەنگدانى خۆیان جیاواز بێت و هاوڵاتی دەرەوەی پێکهاتەکان بۆیان نەبێت دەنگ بدەن بە لیستی پێکهاتەکان.
پێنجەم: دەنگدان بەشێوەی ئەلیکترۆنى و بایۆمەترى دەبێت و، تەنها ئەوانە دەنگ دەدەن کە کارتى بایۆمەترییان هەیە.
شەش: بژاردنى دەنگەکان بەشێوەى ئەلکترۆنى دەبێت و دواتریش کاتى داخستنى سندوقەکان تەواوى سندوقەکانى دەنگدان بەدەست دەژمێردرێتەوەو، بەراورد دەکرێتەوە لەگەڵ ژمارەى دەنگە ئەلکترۆنىەکان.
حەوتەم: پێویستە لەماوەى ٢٤ کاتژمێردا ئەنجامى بەرایى هەڵبژاردنەکان رابگەیەندرێت.
هەشتەم: پێویستە لەماوەى دوو هەفتەدا ئەنجامى کۆتایى هەڵبژاردنەکان رابگەیەندرێت و هەروەها یەک بەیەکى فۆرمی دەنگدان بەراورد دەکرێتەوە بە پەنجە مۆر و هەموو دەنگە دووبارەکان رەت دەکرێنەوە.
نۆیەم: کاتژمێر ٦ى ئێوارە سندوقەکانی دەنگدان دادەخرێن و بەهیچ شێوەیەک کات درێژ ناکرێتەوە.
دەیەم: دەستەیەکی دادوەری تایبەت بە هەڵبژاردنەکان درووت دەکرێت لە پێنج دادوەرى بێ لایەن کە هیچ کارى حزبیان نەکردبێت و ئەنجامى کۆتایى لەلایەن ئەو دەستە دادوەرییەوە پەسەند دەکرێت.
یانزەیەم: هەڵبژاردنى ئەو دادوەرانە لەپەرلەمانى کوردستان دەبێت و پێویستە بەڕێژەى ٢|٣ پەسەند بکرێت و دەنگیان لەسەر بدرێت.
دوانزەیەم: دەنگدانى تایبەت و گشتیى لەهەمان رۆژدا ئەنجام دەدرێت
سیانزەیەم: لە رێی کۆمسیۆنی عێراق و حکومەتی عێراقەوە داوا بکرێت کە هەڵبژاردن بە سەرپەرشتی نێودەوڵەتی و یونامی بێت.
چواردەیەم: سێ مانگ پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردن، پێویستە تۆماری دەنگدەران لە ناوى دووبارە و کۆچکردووان پاککرابێتەوە.
————-
تێبینى جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەسەر یاساى کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێم”
یەکەم: ژمارەى ئەندامان کۆمسیۆن ٩ ئەندام دەبن.
دووەم: دەنگدان لەناو کۆمیسیۆن و پەسەندکردنى ئەنجامەکان و هەموو بڕیارێکى تر بەڕێژەى ٢|٣ پەسەند دەکرێت (واتە پێویستی بە دەنگی ٦ ئەندام هەیە).
سێیەم: هەموو کۆمیسیارەکان دادوەر دەبن و دوور دەبن لە ئینتیماو پشک پشکێنەى حزبى.
چوارەم: تێپەڕاندنی ئەم یاسایە و هەموارکردنەوەی یاساکە پێویستى بەدەنگى ٢|٣ى رەهای پەرلەمانی کوردستان هەیە (واتە پێویستی بە دەنگی ٧٤ پەرلەمانتار هەیە).
جوڵانەوەى نەوەى نوێ 14/11/2021