گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

وردەکاریی دابەشکردنی نەوتی ماڵان.. کەی بەرت دەکەوێت؟

2021.11.16 - 15:34
App store icon Play store icon Play store icon
وردەکاریی دابەشکردنی نەوتی ماڵان.. کەی بەرت دەکەوێت؟

ناس کورد- 

ئەگەرچی وەزیری سامانە سروشتییەکان و حکومەتی هەرێم بەڵێنیان دا کە پێش وەرزی زستان هەموو ماڵێک بەرمیلێک نەوتی پێبدرێت، بەڵام بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی ناس کورد ئەگەر نەوت بەمشێوەیەی ئێستا دابەش بکرێت، ئەوا تاوەکو وەرزی بەهار تەواو نابێت، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان شپرزە بوون و نازانن چی بکەن.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

پێش دەستپێکردنی وەرزی سەرما، چەند جارێک هەریەک لە کەمال ئەتروشی، وەزیری سامانە سروشتییەکان و جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێم جەختیانکردەوە لەوەی ئەمساڵ پێش دەستپێکردنی وەرزی سەرما هەموو ماڵێک بەرمیلێک نەوتی سپی پێدەدرێت. 

 

پێش نزیکەی مانگێک لەمەوبەر دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەستیپێکرد و بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی "ناس کورد" تائێسا کەمتر لە 50 ملیۆن لیتر نەوت بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش کراوە. 

 

حکومەت بۆ ئەوەى بتوانێت یەک بەرمیل نەوت بۆ هەموو ماڵێکی پارێزگاکانی هەرێم دابین بکات، ئەوا پێویستی بە 264 ملیۆن لیتر نەوتی سپی هەیە کە بۆ ئەمساڵ چاوەڕوانە لە بەغداوە قۆناغ بە قۆناغ بۆی بێت. 

 

بەو پێیە و ئەگەر دابەشکردنی نەوت وەک ئێستا خاو بێت و بە مانگێک کەمتر لە 50 ملیۆن لیتر دابەش کرابێت و دابەشکردنی زیاتر لە 200 ملیۆن لیتری دیکە مابێت، ئەوا وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ دابەشکردنی هەمووی پێویستی بە نزیکەی پێنج مانگی دیکە دەبێت تاوەکی مانگی 4ی ساڵی داهاتوو دەخایەنێت. 

 

لەوبارەیەوە شێرکۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان بە "ناس کورد"ی وت، "ئەمانە بەهۆی نەبوونی پلانی پێشوەختەوەیە، پێویستبوو حکومەت لە وەرزی هاویندا پلانی دابینکردنی نەوتی دابنایە، نەک ئێستا بەمشێوەیە بکەوێتە شپرزەیی." 

 

جگە لە خاو بەڕێوەچوونی پرۆسەکە، ماوەی چەند ڕۆژێکە لە بەشێک لە ناوچەکان دابەشکردن وەستاوە. 

 

شێرکۆ جەودەت ئاماژەی بەوەکرد، "لە پەیوەندیداین لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان تا هۆکارەکان بزانین و بشزانین پلانیان چییە، بەڵام تائێستا هیچ وەڵامێکی باوەڕپێکراویان نییە و لە شپرزەییەکی زۆردان وەک هەر پرۆسەکەی دیکە."

 

زیاتر بخوێنەرەوە: وەرزی سەرما دەستیپێکردووە و هێشتا نەوت بۆ قوتابخانەکان دابین نەکراوە