ناس کورد
پۆڵەندا داوا لەهاوپەیمانى باکورى ئەتڵەسى "ناتۆ" دەکات هەنگاوى کرداریی بنێت سەبارەت بەقەیرانى کۆچبەران لەبیلاروسیا و تەنها نیگەرانى دەرنەبڕێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ماتیۆش مورافیسکى سەرۆک وەزیرانى پۆڵەندا (یەکشەممە 14ی تشرینی دووەمی 2021) رایگەیاند "پێویستە ناتۆ هەنگاوى کرداریی بنێت بۆ چارەسەرى قەیرانى کۆچبەران لەسەر سنورى بیلاروسیا"، ئەوەش بەپێی ئاژانسى رۆیتەرز.
ئاماژەى بەوەشکرد، تەنها دەربڕینى نیگەرانى بەس نییە، لەگەڵ لاتیڤیا و لیتوانیا داوادەکەن گفتوگۆ بکرێت لەسەر ئەو پرسە بەپێی بەندى چوارى پەیماننامەى ناتۆ کە بەپێی ئەو بەندە هەر وڵاتێکى هاوپەیمانێتییەکە روبەڕووى مەترسی بێتەوە پێویستە هاوپەیمانەکانى هەنگاوى کرداریی بنێن.
ئەو داوایە هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونى قەیرانى کۆچبەرانى سەر سنور لەبیلاروسیا، پێشتریش هەریەکە لە ئەڵمانیا و پۆڵەندا جەختیان کردەوە لەسەر رێگەنەدان بە کۆچبەران بۆ پەڕینەوە بەرەو ئەوروپا.
وەزارەتى دەرەوەى ئەڵمانیا لە تویتێکدا (یەکشەممە 14ی تشرینی دووەمی 2021) نوسیویەتى، ئەو کەسانەى ئەو جۆرە دەنگۆیانە بڵاودەکەنەوە کۆچبەران دەخەنە مەترسییەوە.
لاى خۆیەوە، حکومەتى پۆڵەندا (یەکشەممە 14ی تشرینی دووەمی 2021) لەبەیاننامەیەکدا کە دەست "ناس کورد" کەوتووە رایگەیاند، هەندێ دەنگۆ لەناو کۆچبەران بڵاوبووەتەوە لەبارەى گواستنەوەى کۆچبەران بە پاس لە 15 ى مانگەوە بۆ ئەڵمانیا و رێگەدانى دەسەڵاتدارانى پۆڵەدا بە تیپەڕاندنى سنور.