ناس كورد-
كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان چاوەڕێیە دەستەی دادوەریی كۆمسیۆن تانەكان لەم هەفتەیەدا یەكلایی بكاتەوە، بۆ ئەوەی ئەنجامەكان ئاڕاستەی دادگای باڵای فیدراڵی بكرێن بۆ پەسەندكردن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
حەسەن سەلمان لە فەرمانگەی پەیوەندییە جەماوەرییەكانی كۆمسیۆن لە لێدوانێكدا (14ی تشرینی دووەمی 2021) كە "ناس كورد" بینیویەتی باس لەوە دەكات سەرجەم تانەكان و ژماردنەوەكانی وێستگەكان ڕەوانەی دەستەی قەزایی كۆمسیۆن كراوە بۆ دادبینی لە ماوەی 10 ڕۆژدا لە بەرواری ناردنەوە، ئەوانیش لەو ڕاسپاردە و ئەنجامانە ورد دەبنەوە كە لە ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكانەوە دەرچوون.
بەرپرسەكەی كۆمسیۆن ئەوەشی وتووە، سەرجەم بژاردە یاساییەكان بەدەست دەستەی دادوەرییە چ بە وەرگرتنی تانەكان یان ڕەتكردنەوەیان بە تەواوەتی و ناكرێت پێشبینی بڕیارەكانیان بكرێت.
پێشتر سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری عێراق فایەق زێدان بە ئاژانسی فەرمی ڕاگەیاندبوو، هیچ بەڵگەیەكی یاسایی موعتەبەر لەبەردەست نییە لەبارەی ڕوودانی ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكان.
سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگاداریش لەبەغداوە پێشبینی ئەوەی كردبوو بۆ "ناس كورد" ئەگەر گرفتی گەورە نەیەتە پێش لە نیوەی دووەمی مانگی كانونی یەكەمی داهاتوو یەكەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت.