ناس کورد-
وەزارەتی کارەبای هەرێم لەبارەی کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبا ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت، خواست لەسەر کارەبا بۆ 4500 مێگاوات بەرزبووەتەوە و کورتهێنان نزیکدەبێتەوە لە 1500 مێگاوات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا ئومێد ئەحمەد، وتەبێژى وەزارەتى کارەبا (شەممە 13ی تشرینی دووەمی 2021) ڕایگەیاند، " لە ئێستادا خواست لەسەر بەکارهێنانى کارەبا 4500 مێگاواتى تێپەڕاندووە بەرەو 5000 دەڕوات، لەکاتێکدا بڕى بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمى کوردستان 3500 مێگاواتە."
بەگوێرەی وتەی وتەبێژی وەزارەتی کارەبا، کورتهێنانی بەرهەمهێنانی کارەبا بەراورد بە خواست نزیکدەبێتەوە 1500 مێگاوات، ئەوەش بووەتەهۆی کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتیمانی.
ساڵانە لە وەرزی زستاندا بەهۆی زۆری خواست لەسەر کارەبا، هاووڵاتیانی هەرێم ڕووبەڕووی بێ کارەبایی دەبنەوە و وەزارەتی کارەباش بەردەوام جەخت لەسەر دەستگرتن بە کارەباوە دەکات، بەڵام هەموو ساڵێک ئەو دۆخە دووبارە دەبێتەوە.