گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’پیلانی پارتی’’

هەڵوێستی نوێی یەکێتی لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکوک

2021.11.13 - 19:25
App store icon Play store icon Play store icon
هەڵوێستی نوێی یەکێتی لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکوک

ناس کورد- 

 

بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ڕایگەیاند، پۆستی پارێزگاری کەرکوک پشکی کوردە و لەنێو کوردیشدا پشکی یەکێتییە، جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە گەر هەر وڵاتێکی ناوچەکە ڕێگری لەپێدانی ئەو پۆستە بە کورد بکات، غەدرێکی گەورە دەکات.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ڕەوەند مەلا مەحمود، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی (شەممە 13ی تشرینی دووەمی 2021) بە "دەنگی ئەمەریکا"ی ڕاگەیاند، " یەکێتی بڕیاریداوە کەرکوک بکاتە 3 مەڵبەند، مەڵبەندی ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات و ناوشاری کەرکوک، هەر سەرکردەیەکیش لەکۆنگرەدا لەسەر کەرکوک دەنگی هێنابێت، دەبێت لەکەرکوک ئەرکێک بگرێتە ئەستۆ بۆ باشکردنی دۆخی شارەکە."

 

هاوکات لەبارەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک، ئاماژەی بەوەکردووە، "پۆستی پارێزگاری کەرکوک لەدوای ڕووخانی بەعسەوە هی کوردە و ناو کوردیشدا هی یەکێتییە، لەهەموو هەڵبژاردنەکانیشدا یەکێتی دەنگی یەکەمی هێناوە، بۆیە ئەو پۆستە هی یەکێتییە."



لەبارەی داواکردنی پۆستەکەش لەلایەن پارتییەوە، ڕەوەند مەلا مەحمود باسی لەوەکردووە، "پارتی هیچ بابەتێکی جدی لەسەر کەرکوک نییە، هەر بابەتێکی هەبێت، پلانێکی لە پشتە، چونکە ئەوان هۆکاربوون بۆ بەدەست نەهێنانەوەی پۆستی پارێزگار و هەماهەنگی یەکێتییان نەکرد."

 

ڕاشیگەیاندووە، ""پارتی لە 2018 ەوە کەرکوکی بایکۆت کردووە، ئێستا گەڕاونەتەوە و بێ هیچ پاساوێک داوای پۆستی پارێزگار دەکەن، بابەتەکە تەنها قسەیە، بۆیە پێموانییە پارتی پلانی جدی هەبێت بۆ کەرکوک."

 

ئەو بەرپرسەی یەکێتی لە کەرکوک جەختیشیکردووەتەوە، "کەرکوک زۆرینەی کوردە، هەر بابەتێکی ئیقلیمی دروست ببێت، غەدرێکی گەورەیە لە کورد، چونکە عەرەب و تورکمان نەیانتوانیوە لە دوو کورسی و سێ کورسی زیاتر بهێنن، لەکاتێکدا کورد هەندێکجار سەرووی 7 کورسیشی هێناوە."

 

لە کۆتایی ساڵی 2017 ەوە و لەوکاتەوە کە هێزە عێراقیەکان کەرکوکیان کۆنترۆڵ کرد، پارێزگاکە لەلایەن ڕاکان جبوریەوە بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێت، کە پێشتر جێگری پارێزگار بووە لەسەر پشکی عەرەبی سونە.