ناس کورد-
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی حکومەتی عێراقن پێش ئەوەی قسە لەسەر هەر وەڵامێکی چاوەڕوانکراو بکەن، وەک ئاماژەیەک بۆ هەوڵی تیرۆرکردنی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
نید برایس، وتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا (8ی تشرینی دووەمی 2021) وتی، "مافی خۆمانە هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە حکومەتی عێراقی بکەین لە بەرامبەر ئەو دەستدرێژییەدا".
دەشڵێت، "لەپێش قسەکردن لە هەر وەڵامێکی گریمانەیی، چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەکەین و هەماهەنگی لەگەڵ عێراقییەکان دەکەین، هەر پێویستییەکیان هەبوو ئێمە ئامادەین هەموو هاوکارییەکیان بکەین و هەنگاوی دواتر دابڕێژین."
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی ناوخۆ، بەرەبەیانی ڕۆژی 7ی تشرینی دووەمی 2021، شوێنی مانەوەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ناوچەی سەوزی بەغدا بە سێ فڕۆكەی بێفڕۆكەوان دووچاری هێرشی موشەكی بوویەوە، لە ئەنجامیشدا هەندێك لە پاسەوانەكانی بریندار بوون.
لەپاش هێرشەكە مستەفا كازمی لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا دەركەوت و ڕایگەیاند، "ماڵەكەم دووچاری دوژمنكارییەكی ترسنۆكانە بووەتەوە، سوپاس بۆ خوا خۆم و ئەوانەی لەگەڵما كار دەكەن سەلامەتن".
هەروەها وتیشی، فڕۆكەی بێفرۆكەوان و موشەكی ترسنۆكانە وڵات بنیات نانێن، ئێمە لە ڕێگای دەزگاكانی دەوڵەتەوە خەریكی بنیاتنانی دەوڵەتی خۆمانین، داوا لە هەموو لایەنەكانیش دەكەن دیالۆگ بكەن لە پێناو عێراق و ئایندەی عێراق.
هەوڵی تیرۆركردنی كازمی پاش ڕۆژێك لە گرژییە ئەمنییەكانی بەردەم ناوچەی سەوز دێت كە تێیدا لایەنگرانی گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران و چەكدارە خۆپیشاندەرەكانیان دژی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان بەرەنگاربوونەوە و چەند كوژراو و بریندارێكی لێ كەوتەوە، بەدوایدا سەرانی گروپەكان هەڕەشەی توند و ڕاستەوخۆیان ئاراستەی مستەفا كازمی كرد.