گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

شەری ناوخۆی شیعە

سەدر لەبارەی ئایندەی عێراق لێدوانێكی بڵاوكردەوە

2021.11.08 - 19:30
App store icon Play store icon Play store icon
سەدر لەبارەی ئایندەی عێراق لێدوانێكی بڵاوكردەوە

ناس کورد-

ساڵح عێراقی وەزیر و وتەبێژ بەناوی سەدرەوە لێدوانێكی پێشووتری سەدری بڵاوكردەوە كە قسە لەبارەی ئایندەی عێراق دەكات لەپاش داعش.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە گرتە ڤیدیۆییەكەدا كە "ناس كورد" بینیویەتی (8ی تشرینی دووەمی 2021) سەدر دەڵێت، بەهیواین لە تونڕەوی داعش تەواوبووین نەكەوینە بەر توندڕەوییەكی دیكەی خەڵكی تر بەجۆرێكی تر و بە پۆشاكێكی تر، ئەمەش ئاماژەیە بۆ گروپە شیعە توندڕەوەكان.

 

سەدر ئەوەش دەڵێت، ئەو توندڕەوانەی پەیدا دەبن لە خۆمان دەبن و رەنگە نەتوانین وەك داعش بەرەنگاریان ببینەوە، چونكە لە خۆمان دەبن.

بڵاوکردنەوەى ئەم گرتە ڤیدیۆیەکی سەدر لەکاتێکدایە بەرەبەیانی ڕۆژی 7ی تشرینی دووەمی 2021، شوێنی مانەوەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ناوچەی سەوزی بەغدا بە سێ فڕۆكەی بێفڕۆكەوان دووچاری هێرشی موشەكی بوویەوە، لە ئەنجامیشدا هەندێك لە پاسەوانەكانی بریندار بوون.

 

لەپاش هێرشەكە مستەفا كازمی لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا دەركەوت و ڕایگەیاند، "ماڵەكەم دووچاری دوژمنكارییەكی ترسنۆكانە بووەتەوە، سوپاس بۆ خوا خۆم و ئەوانەی لەگەڵما كار دەكەن سەلامەتن".

 

هەروەها وتیشی، فڕۆكەی بێفرۆكەوان و موشەكی ترسنۆكانە وڵات بنیات نانێن، ئێمە لە ڕێگای دەزگاكانی دەوڵەتەوە خەریكی بنیاتنانی دەوڵەتی خۆمانین، داوا لە هەموو لایەنەكانیش دەكەن دیالۆگ بكەن لە پێناو عێراق و ئایندەی عێراق.

 

هەوڵی تیرۆركردنی كازمی پاش ڕۆژێك لە گرژییە ئەمنییەكانی بەردەم ناوچەی سەوز دێت كە تێیدا لایەنگرانی گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران و چەكدارە خۆپیشاندەرەكانیان دژی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان بەرەنگاربوونەوە و چەند كوژراو و بریندارێكی لێ كەوتەوە، بەدوایدا سەرانی گروپەكان هەڕەشەی توند و ڕاستەوخۆیان ئاراستەی مستەفا كازمی كرد.