گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی نوێ

ڕۆیتەرز: تاران ئاگاداری پلانی كوشتنی كازمی بووە

2021.11.08 - 19:02
App store icon Play store icon Play store icon
ڕۆیتەرز: تاران ئاگاداری پلانی كوشتنی كازمی بووە

ناس کورد-

ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند، ئێران ئاگاداری پلانی تیرۆرکردنی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە بەڵام "فەرمانی بە جێبەجێکردنی نەکردووە."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئاژانسەکە لە ڕاپۆرتێکدا لەبارەى بکەر و چۆنیەتی پلانی تیرۆرکردنەکە ڕاپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە کە "ناس کورد" بینیویەتی (8ی تشرینی دووەمی 2021) و لە زاری دوو سەرچاوەی هەرێمییەوە دەڵێت، "تاران ئاگاداری هێرشەکە بووە پێش ئەوەی ئەنجام بدرێت، بەڵام بەرپرسانی ئێرانی فەرمانیان نەداوە."
دەشڵێت، "ئێران پلانی دانەناوە بۆ ئەو کارە، بەڵام هەوڵیشی نەداوە ئەو گروپە بوەستێنێت کە هێرشەکەی کردووە".

 

هەرچەندە تائێستا هیچ گروپێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی نەخستووەتە ئەستۆی خۆی بەڵام ڕۆیتەرز لە زاری پێنج سەرچاوەی ترەوە کە سیانیان حکومین و دووانیان لەناو گروپە میلیشیاکانی نزیک لە ئێرانن دەڵێت، یەکێک لە گروپە نزیکەکانی ئێران کە بریتین لە کەتائیبی حزبوڵا و عەسائیبی ئەهلی حەق هێرشەکەیان ئەنجام داوە.

 

دەشڵێت، پەیامی هێرشەکە ئەوەیە کە گروپە میلیشیاکان دەڵێن پەنا دەبەنە بەر توندوتیژی ئەگەربێتوو بێبەش کران لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق.


هاوکات ئەمڕۆ ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی سەردانی بەغدای پایتەختی کرد و لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق و مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە، ئاژانسی هەواڵیی میهری ئێرانیش دەڵێت قائانی داوای "هێورکردنەوە و پاراستنی یەکێتیی ناوخۆیی" لێکردوون.

 

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی ناوخۆ، بەرەبەیانی ڕۆژی 7ی تشرینی دووەمی 2021، شوێنی مانەوەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ناوچەی سەوزی بەغدا بە سێ فڕۆكەی بێفڕۆكەوان دووچاری هێرشی موشەكی بوویەوە، لە ئەنجامیشدا هەندێك لە پاسەوانەكانی بریندار بوون.

 

لەپاش هێرشەكە مستەفا كازمی لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا دەركەوت و ڕایگەیاند، "ماڵەكەم دووچاری دوژمنكارییەكی ترسنۆكانە بووەتەوە، سوپاس بۆ خوا خۆم و ئەوانەی لەگەڵما كار دەكەن سەلامەتن".

 

هەروەها وتیشی، فڕۆكەی بێفرۆكەوان و موشەكی ترسنۆكانە وڵات بنیات نانێن، ئێمە لە ڕێگای دەزگاكانی دەوڵەتەوە خەریكی بنیاتنانی دەوڵەتی خۆمانین، داوا لە هەموو لایەنەكانیش دەكەن دیالۆگ بكەن لە پێناو عێراق و ئایندەی عێراق.

 

هەوڵی تیرۆركردنی كازمی پاش ڕۆژێك لە گرژییە ئەمنییەكانی بەردەم ناوچەی سەوز دێت كە تێیدا لایەنگرانی گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران و چەكدارە خۆپیشاندەرەكانیان دژی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان بەرەنگاربوونەوە و چەند كوژراو و بریندارێكی لێ كەوتەوە، بەدوایدا سەرانی گروپەكان هەڕەشەی توند و ڕاستەوخۆیان ئاراستەی مستەفا كازمی كرد.