گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

چۆن دۆلار بووە پاشا ی دراوەكان؟

2019.02.22 - 19:00
چۆن دۆلار بووە  پاشا ی دراوەكان؟

 

ناس كورد -

به‌شێكی زۆری ئه‌و باڵاده‌ستییه‌ی ئه‌مڕۆ ئه‌مریكا به‌سه‌ر جیهانه‌وه‌ هه‌یه‌تی بۆ به‌ربڵاوی دراوەكەی ده‌گه‌ڕێته‌وه كه‌ وه‌ك به‌نرخترین و به‌ به‌هاترین و به‌هێزترین دراو ئه‌ژمار ده‌كرێت و نازناوی "پاشا"ی دراوه‌كانی پێدراوه‌، ئه‌مه چۆن ڕوویدا؟ ئایا شتێكی كتوپڕ بوو یان پلانێكی نه‌خشه‌ بۆ داڕێژراو؟

مێژووی دروستبوونی دۆلاری ئه‌مریكی

بۆ یه‌كه‌م جارو له‌ ساڵی 1792 یه‌كه‌م دۆلار له‌ ئه‌مریكا چاپ كرا، ئه‌وكاته‌ وه‌ك ئێستا نه‌بوو كه‌ ته‌نها كاغه‌زێك بێت، به‌ڵكو سێ جۆر بوو، به‌ به‌هاترین جۆریان له‌ زێڕ دروست كرابوو، جۆری مام ناوه‌نده‌كه‌ی له‌ زیو و جۆری سێیه‌میشی له‌ مس بوو، هه‌ر له‌و ساڵه‌شدا وه‌ك دراوی فه‌رمی ئه‌مریكا ناسێندرا.

ئه‌م شێوازە‌ به‌رده‌وام تا له ‌ساڵی 1861دا شه‌ڕی ناوخۆ لەنێوان باكوورو باشووری ئه‌مریكا ڕووی داو له‌و كاته‌دا حكومه‌تی ناوه‌ندیی باكوور پێویستی به‌ پاره‌ بوو‌ نه‌شیده‌ویست‌ هه‌رچی زێڕو زیوی هه‌یه‌ له‌ده‌ستی بدات، بۆیه‌ دۆلاری كاغه‌زی چاپكرد كه‌ ڕه‌نگیكی سه‌وزی هه‌بوو (وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا‌ هەیە‌) تا وای لێهات له‌ كۆتایی شه‌ڕه‌كه‌دا نزیكه‌ی 461 ملیۆن دۆلار له‌ جۆری كاغه‌زی چاپكراو ده‌ركرابوو.

له‌وكاته‌دا دراو به‌ زێڕ نه‌ده‌خەوێندرا (خەواندنی دراو به‌ زێڕ ئه‌وه‌یه‌ نرخی ئه‌و دراوه‌ هاوتایه‌ له‌گه‌ڵ نرخی زێڕدا و هه‌ركاتێ بته‌وێت ده‌توانی بیگۆڕێته‌وه‌ به‌ زێڕ به‌ هه‌مان به‌های پێشووی خۆی)، به‌ڵام كۆنگرێس بڕیارێكی ده‌ركرد تیایدا هاتبوو: "نه‌خەواندنی دراوی دۆلار به‌ زێڕ تاوانه‌ و پێویسته‌ هه‌موو كه‌س مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ بكات".

له‌ ساڵی 1879 هه‌ڵئاوسانێكی زۆر له‌ ئه‌مریكا ڕووی دا، دۆلار بڕێكی زۆری به‌هاكه‌ی له‌ ده‌ست دا، بۆیه‌ حكومه‌تی ئه‌و كاته‌ ناچار بوو  دۆلار به‌زێڕ بخەوێنێت ئه‌مه‌ش ئابووری بووژانده‌وه‌و هه‌ڵئاوسانی نه‌هێشت.

له‌ ساڵی 1929 قه‌یرانێكی دارایی كوشنده‌ به‌رۆكی جیهانی گرت و نزیكه‌ی 10 ساڵی خایاند، هه‌ر ئه‌مه‌ش پاڵی به فرانكلین رۆزفلت ‌سه‌رۆكی ئه‌وكاته‌ی ئه‌مریكاوه‌ نا كه‌ له‌ ساڵی 1933دا كار به‌ خه‌واندنی دۆلار به‌ زێڕ ڕابگرێت، به‌ڵام یه‌ك ساڵ دوای ئه‌وه‌ دیسان كاری پێكرده‌وه.‌ كاركردن به‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وامبوو تا رێكه‌وتنی بریتن ودز هاته‌ ئاراوه.‌

رێكه‌وتنی بریتن ودز چییه‌؟

پاش كۆتاییهاتنی جه‌نگی دووه‌می جیهان و هاتنه‌ ده‌ره‌وی ئه‌مریكا لەو جه‌نگه‌ به‌ سه‌ركه‌وتوویی بیری له‌ دروستكردنی سیستمێكی تازه‌ی ئابووریی جیهانی كرده‌وه‌ كه‌ تێیدا ئه‌مریكا و دراوه‌كه‌ی له‌ لوتكه‌دا ‌بن، ئه‌مه‌ش له‌ ساڵی 1944دا له‌ڕێگه‌ی رێكەو‌تننامه‌ی بیرتن ودزەوە به‌رجه‌سته‌ بوو.

ئه‌وه‌بوو كۆنگره‌كه‌ ئه‌نجام درا و 44 وڵات ئاماده‌ی بوون و نزیكه‌ی 22 ڕۆژی خایاند و به‌ كۆمه‌ڵێك راسپارده‌وه‌ هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ كە گرنگترینیان دانانی دۆلاری ئه‌مریكی بوو وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ هه‌موو دراوه‌كانی تر و بوو به‌ بناغه‌یه‌ك بۆ دروستبوونی سیستمی بانكی نه‌ختینەی نێوده‌وڵه‌تی و بانكی نێوده‌وڵه‌تی بۆ بونیاتنان و ئاوه‌دانكرنه‌وه‌و....هتد، ئەمەش وایكرد دۆلار ببێتە‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌موو دراوه‌كانی ترو وڵاتان به‌ پێی نرخی دۆلار نرخیان بۆ دراوه‌كانی خۆیان داده‌نا.

ویلایەتە یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ئه‌وكاته‌ خاوه‌نی نزیكه‌ی زیاتر له‌ نیوه‌ی زێڕی هه‌موو جیهان بوو، دۆلاری ئه‌مریكی تاكه‌ دراو بوو كه‌ به‌ زێر دەخەمڵێندرا، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكرد زۆربه‌ی وڵاتان دۆلارێكی زۆر كۆبكه‌نه‌وه‌ وه‌ك تاكه‌ دراوی یه‌ده‌گی بیانی و عه‌مباری بكه‌ن و به‌مه‌ش ئه‌مریكا بوو به‌ باڵاده‌ستی جیهان.

هه‌واڵه‌ دڵته‌زێنه‌كه‌ی نیكسۆن

به‌هۆی جه‌نگی ڤێتنامه‌وه‌ (1956-1975) ئه‌مریكا تووشی قه‌یرانێكی گه‌وره‌ بوو كە پێویستی به‌ بڕێكی زۆری پاره‌بوو بۆ دابینكردنی خه‌رجییه‌كانی جه‌نگ، به‌ڵام بڕی پێویست زێڕی نه‌بوو بۆ خەواندنی له‌ بری دۆلار چاپكردن، بۆیه‌ برێكی زۆر دۆلاری چاپ كرد به‌ بێ بوونی زێڕ بۆ خه‌واندن بێ ئه‌وه‌ی هیچ كه‌س و وڵاتێكی لێ ئاگادربكاته‌وه‌، ئه‌وه‌بوو له‌ ساڵی 1971 شارل دیگۆلی سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا داوای له‌ ئه‌مریكا كرد به‌ پێی رێكه‌وتننامه‌ی بریتن ودز 191 ملیۆن دۆلاریان بۆ بگۆڕنه‌وه‌ به‌ زێڕ، پاش ئه‌م ڕووداوه‌ ئه‌مریكا نه‌یتوانی چیتر دۆلار بگۆڕێته‌وه‌ به‌ زێڕ و هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكرد ریچارد نیكسۆن سه‌رۆكی ئه‌وكاته‌ی ئه‌مریكا‌‌ به‌یاننامه‌یه‌ك ده‌ربكات و تێیدا بڕیاری دا‌ له‌ ساڵی 1973 سیستمی خه‌واندنی دۆلار به‌ زێڕ هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ و دواتر ئه‌م بڕیاره‌ به‌ هه‌واڵه‌ جه‌رگبڕه‌كه‌ی نیكسۆن ناسرا.

هه‌رچه‌ند ئه‌م هه‌نگاوه‌ بوو به هۆی‌ دابه‌زینێكی زۆر‌ی به‌های دۆلار له‌و كاته‌دا، به‌ڵام نه‌یتوانی هیچ له‌ پێگه‌كه‌ی كه‌م بكاته‌وه‌ و وه‌ك "پاشا"ی دراوه‌كان مایه‌وه‌.

پاش ئه‌م بڕیاره‌ زۆربه‌ی وڵاتان بە زلهێزه‌كانیشەوە كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌ په‌له‌یان ئه‌نجام دا بۆ تاووتوێكردنی ئه‌م پرسە‌و له‌ نێوان دوو ئه‌گه‌ردا مانه‌وه‌، یان ئه‌وه‌تا ده‌ستبه‌رداری دۆلار ببن كه‌ ئه‌مه‌ش مه‌حاڵ بوو، چونكه‌ زۆربه‌ی نه‌ختینه‌ی یه‌ده‌گی خۆیان كردبوو به‌ دۆلار به‌ پێی سیستمی (خه‌واندن به‌ زێڕ)، ئه‌و كاته‌ مایه‌پووچ ده‌بوون و لەناو دەچوون، یان ئه‌وه‌تا بارودۆخه‌كه‌ وه‌ك خۆی قبوڵ بكه‌ن و ته‌سلیمی ببن و به‌ هه‌مان به‌های جاران مامه‌ڵه‌ به‌ دۆلاره‌وه‌ بكه‌ن.

ئه‌وه‌بوو دواجار ئه‌گه‌ری دووه‌میان هه‌ڵبژارد و بڕیاریان دا وه‌ك پێشوو مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆلاردا بكرێت و هه‌مووان پێوه‌ی پابه‌ند بن، هه‌ر لایه‌كیش سه‌رپێچی بكات به‌ توندی سزای ده‌ده‌ن.

به‌م شێوه‌یه‌ له‌ كاته‌وه‌ تا ئێستا دۆلار بووه‌ دراوێكی نێوده‌وڵه‌تی هه‌رچه‌ند له‌ بنه‌ڕه‌تدا له‌ پارچە كاغەزێك زیاتر نییە.

ئامادەكردنی: عومەر عەزیز