گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لێدوانی وەزیری تەندروستی لەبارەى دووبارە داخستنەوەى قوتابخانەکان

2021.11.07 - 11:57
App store icon Play store icon Play store icon
لێدوانی وەزیری تەندروستی لەبارەى دووبارە داخستنەوەى قوتابخانەکان

ناس کورد-

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێم ڕایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک دەرگای قوتابخانەکان داناخرێت بەهۆی بەرزبوونەوەى ئامارەکانی کۆرۆنا یاخود پەتای وەرزی.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

سامان بەرزنجی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە وەڵامی پرسیارێکی ناس کورد لەبارەى پێشنیازی داخستنی قوتابخانەکان بەهۆی بڵاوبوونەوەى پەتای وەرزی و بەرزبوونەوەى ئامارەکانی کۆرۆنا وتی، "هیچ پێنیازێکی داخستنی قوتابخانەکان نەکراوە، ئەوەی هەیە تەنها ئەو ڕێکارانەن کە لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەى کۆرۆنا بڕیاریان لێ دراوە، تاوەکو 1ی کانونی یەکەمیش دەبێت مامۆستایان بەڕێزم ڤاکسینیان وەرگرتبێت."

 

وتیشی، "ئەم پەتایەی ئێستا هەیە پەتای وەرزییە، هەموو ساڵێکیش ئەم جۆرە پەتایەمان هەیە، ماوەیەکی تر ڤاکسینی پەتای وەرزیشمان بۆ دێت".

 

جەختی کردەوە کە "لە ماوەی ڕابردووش ڕێژەی کۆرۆناش زیادی کردووە، دەبێت خێزان و مامۆستایان ڕۆڵی پزیشکان ببین لە چاودێریکردن و پاراستنی منداڵەکانیان، ئەگەر هەر نیشانەیەک دەرکەوت پێویستە بە زووترین کات بیگەیەننە ناوەندی چارەسەر بۆ ئەوەی دور بخرێتەوە لە منداڵەکانی تر."

 

ئەوە لەکاتێکدایە پێشتر بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵانی فێرکاری لە سلێمانی پێشنیازی داخستنی دەرگای قوتابخانەکان دەکات "ئەگەر ئەم پەتایەی ئێستا بڵاوە تا 10 ڕۆژی تر کەم نەکات و سووک نەبێت".

 

پشدەر عەبدوڵا لە فەیسبوکی خۆی پۆستێکی کردووە و نوسیویەتی "ئەمە پێشنیازی تایبەتی خۆمە" و دەڵێت، "ئەگەر ئەم پەتایەی کە ئێستا بڵاوە تا 10 ڕۆژی تر کەم نەکات و سووک نەبێت، لام وایە پێویستە کۆمەڵێک ڕێکار بگیرێتەبەر یەکێک لەوانە ڕاگرتنی دەوامی خوێندنگاکان بێت بۆ ماوەی 10 ڕۆژ."

 

پێشتر پشدەر عەبدوڵا ئاشکرای کرد لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە پاڵ بوونی ڕێژەیەکی زۆر لە پەتای وەرزی لەناو منداڵان، ژمارەیەکی زۆر لە منداڵان توشی نەخۆشی کۆرۆنا بوون و نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی پڕ بووە.

 

ناوبراو دەڵێت، "لە ئێستادا ڕۆژانە ژمارەکان لە زیادبووندایە، لە ڕۆژێکدا نزیکەى 70 منداڵ سەردانی نەخۆشخانەکەیان کردووە، بەڵام ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە بۆ منداڵان ئەوەیە کە وەڵامی باشیان هەیە بۆ چارەسەر."