ناس کورد-
عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئیدانەی هەوڵی تیرۆرکردنی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی کرد و ڕایگەیاند، "هێرشەکە فیتنەیەکی نوێیە".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
شەمخانی لە تویتێکدا (7ی تشرینی دووەمی 2021) ڕایگەیاند، "هێرش بۆ سەر سەرۆکوەزیرانی عێارق فیتنەیەکی نوێیە کە ئەبێ شوێن پێی لە ژووری بیری وڵاتانی بیانی بگیردرێت کە لە ساڵانی پێشەوە بە دروست کردن و پشتیوانی گرووپە تیرۆریستییەکان و داگیرکردنی ئەو وڵاتە، جگە لە نائەمنی، دژایەتی و ئاژاوە و ناسەقامگیری، هیچ دەستکەوتێکیان بۆ خەڵکی عێراق نەبووە."
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی ناوخۆ، بەرەبەیانی ئەمڕۆ (7ی تشرینی دووەمی 2021) شوێنی مانەوەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ناوچەی سەوزی بەغدا بە سێ فڕۆكەی بێفڕۆكەوان دووچاری هێرشی موشەكی بوویەوە، لە ئەنجامیشدا هەندێك لە پاسەوانەكانی بریندار بوون.
لەپاش هێرشەكە مستەفا كازمی لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا دەركەوت و ڕایگەیاند، "ماڵەكەم دووچاری دوژمنكارییەكی ترسنۆكانە بووەتەوە، سوپاس بۆ خوا خۆم و ئەوانەی لەگەڵما كار دەكەن سەلامەتن".
هەروەها وتیشی، فڕۆكەی بێفرۆكەوان و موشەكی ترسنۆكانە وڵات بنیات نانێن، ئێمە لە ڕێگای دەزگاكانی دەوڵەتەوە خەریكی بنیاتنانی دەوڵەتی خۆمانین، داوا لە هەموو لایەنەكانیش دەكەن دیالۆگ بكەن لە پێناو عێراق و ئایندەی عێراق.
هەوڵی تیرۆركردنی كازمی پاش ڕۆژێك لە گرژییە ئەمنییەكانی بەردەم ناوچەی سەوز دێت كە تێیدا لایەنگرانی گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران و چەكدارە خۆپیشاندەرەكانیان دژی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان بەرەنگاربوونەوە و چەند كوژراو و بریندارێكی لێ كەوتەوە، بەدوایدا سەرانی گروپەكان هەڕەشەی توند و ڕاستەوخۆیان ئاراستەی مستەفا كازمی كرد.