گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی زیاتر

یەکەم ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق کۆتایی هات

2021.11.06 - 18:45
App store icon Play store icon Play store icon
یەکەم ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق کۆتایی هات

ناس کورد- 

وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، یەکەم ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی بەسەرکەوتوویی کۆتایی هات و چەند ناوچەیەک لە پاشماوەکانی داعش پاککرانەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

دەقی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە:

 

هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان لە سنووری پارێزگای نەینەوا بەسەرکەوتوویی ئەنجامدا.

 

کاتژمێر ٦ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 6-11-2021 هێزەکانی میحوەری شەشی هێزی پێشمەرگە لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی سەربازییان دەستپێکرد و لە کاتژمێر ۱۲،۳۰ هەردوو هێزەکە لەنێوان بۆشاییە ئەمنیەکانی نێوان میحوەرەکانی یەک و دووی ئۆپەراسیۆن بەیەک گەیشتن.

 

لەمیانی بەیەکگەیشتنەکەدا، بەئامادەبوونی فەرماندەی هێزەکانی فەرەنسا لەعێراق، دیدارێکی هاوبەش لەنێوان فەرماندەی میحوەری (مەخمورـ دیبەگە)و  فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی (نەینەوا) بەڕێوەچوو.

 

ئۆپەراسیۆنەکە بە پشتیوانی هێزی ئاسمانیی عێراقی و فڕۆکەکانی هاوپەیمانان لە ناوچەکانی کوشافی سەروو و کوشافی خواروو ئەنجام درا تیاییدا ناوچەکە لەپاشماوەکانی داعش و تیرۆریستان، کە دەکەونە سنووری نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بەتەواوی پشکنران و پاککرانەوە.

 

بەشێکی تری ئۆپەراسیۆنەکە پاککردنەوەی ئەو دوورگە ناوەندییە دووردەستانە بوون، کە کەوتونەتە سەر زێی گەورەو تیرۆریستان وەک مۆڵگەی خۆیان بەکاریان دەهێنا.

 

ئەمە یەکەمین ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عیراقە کە لەو ناوچانە ئەنجامبدرێت، ئەمەش دوای گەیشتنە رێککەوتنی نێوان هێزی پێشمەرگه و سوپای عێراق دێت لە دروستکردنی بنکەی هەماهەنگی هاوبەشی نێوان هەولێر ـ بەغدا و چوار بنکەی هاوبەشی تر.

 

لەدواین دیدارە بەردەوامەکانی وەفدی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە بەسەرۆکایەتی سەرۆکی ئەرکان و وەفدی باڵای عێراقی بەسەرۆکایەتی جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان، هێزەکان ئەرکداردەکرێن بە پاراستنی ئەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان هەیە. کە بەهاوبەشی هێزی پێشمەرگەو سوپای عیراق بپارێزرێت.