ناس کورد-
بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ناوی لاهور شێخ جەنگی و ئەو سەرکردایەتییانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە یەکێتی دوورخرانەوە، بە "دەرکراو" ناوبرد و ڕایگەیاند، هەمووان دەزانن ئەوان دەرکراون و ئەو پرسە تەواو بووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بافڵ تاڵەبانی لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنوسان پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی (شەممە 6ی تشرینی دووەمی 2021) ڕایگەیاند، "کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ ئاساییە و باسی شتەکانی خۆمان و پەرلەمان دەکەین و کاک قوبادیش ئامادە دەبێت."
هاوکات بافڵ تاڵەبانی لاهور شێخ جەنگی و ئەو سەرکردایەتییانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دوورخرانەوە بە "دەرکراو" ناوبرد و ڕایگەیاند، " من دەزانم، ئێوە دەزانن، هەمووان دەزانن ئەوانە دەرکراون و تەواو."
ڕۆژی 2ی تشرینی دووەمی 2021، مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بڕیاری دا لاهور جەنگى و چوار ئەندامى سەرکردایەتى لە ریزەکانى یەکێتى دوربخرێنەوە، "بەهۆى ئەوەى چەند خاڵێکى پەیڕەوى ناوخۆیان پێشێلکردووە لەناویاندا بانگەشەکردن بۆ لایەنى دیکە و دژایەتیكردنی لیستی یەكێتی."
هاوکات میدیای فەرمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، مهكتهبی سیاسی ئەو حزبە به كۆی دهنگ بڕیارهكانی بافڵ تاڵهبانی، هاوسەرۆکى یەکێتی پهسهندكرد كه تایبهت بوو به دهركردنی ههریهك له لاهور جهنگی بورهان، ژینۆ محهمهد، شادمان مهلا حهسهن، ئاڵا تحسین حبیب و هەروەها ههڵپهساردنی ئاراس جهنگی بورهان بۆ ماوهی شهش مانگ.
پێشتر سەرچاوەیەكی باڵا و ئاگادار لە ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە "ناس كورد"ی ڕاگەیاند، لێپێچینەوە حیزبییەكان بەردەوام دەبن لەو سەركردایەتی و كادرانی كەمتەرخەم بەڵام بە دروستی ژمارەیان لە ئێستادا یەكلایی نییە.
سەرچاوەكە (3ی تشرینی دووەمی 2021) ئەوەشی پشتڕاستكردەوە، دوو مەكتەب سیاسی لێپێچینەوە و سزای حیزبی دەیانگرێتەوە، بۆ سەركردایەتییەكانیش مافی بەرگری و بەڵگەخستنەڕوو پارێزراوە و مەرج نییە ئەوانەی لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت بە دوورخستنەوە سزا بدرێن، وەك چۆن سەرپێچییەكانی ئاراس شێخ جەنگی نەگەیشتە ئاستی دوورخستنەوە و بە سڕكردن بۆ ماوەی شەش مانگ دیاری كرا.
سەرچاوەكە جەختی لەوەش كردەوە، لێپێچینەوەكان لەسەر بنەمای لایەنگری و باڵ باڵێن و هەوادارانی لاهور شێخ جەنگی نییە، بەڵكو پێداچوونەوەی سەردەمی هەڵبژاردن و ئەدای چەند مانگی ڕابردووە ئیتر بەرپرسەكە لە هەر بەرەو پێگەو بەرپرسیارێتییەكدا بێت.