ناس کورد-
ئەم ناونیشانەی سەرەوە پرسیاری بەدواداچوونێكی پەیمانگای واشنتۆنە بۆ توێژینەوە لە سیاسەتەكانی ڕۆژهەڵاتی نزیك پاش هەڵوێستەكردن لەسەر ڕەفتاری ئەم دواییەی میلیشیا چەكدارەكانی عێراق.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەدواداچوونی پەیمانگا ئەمەریكییەكە كە مایكل نایتس ئامادەی كردووە و "ناس كورد" خوێندنەوەی بۆ كردووە (5ی تشرینی دووەمی 2021) ئەوە دەخاتەڕوو، لە كۆتایی مانگی ڕابردوو چوار موشەك لە نزیك بارەگای دەزگای هەواڵگریی عێراق كەوتوونەتە خوارەوە، بزوتنەوەی عەسایبیش تۆمەتباری یەكەمن لەم هێرشانە كە یەكێكن لە دۆڕاوەكانی هەڵبژاردنی 10ی تشرینی یەكەم.
هەروەها باس لەوەش دەكات، لە ناوچەیەكی ژێردەستی عەسایبەوە موشەك ئاراستەی گەڕەكی منصور كراوە كە بارەگای دەزگای هەواڵگری تێدایە، ئەوەش دووەم هێرشی هاوشێوە بووە لەو مانگەدا، موشەكەكان بەر نەخۆشخانەیەك و پرۆژەیەكی ئاو و بانكێكی چۆڵكراو كەوتوون و زیانی گیانیان لێ نەكەوتووەتەوە.
بەگوێرەی بەدواداچوونەكەی پەیمانگای واشنتۆن، ماوەكانی ڕابردوو هەندێك لە هێرشەكان لە كاتێكدا بوون كە فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران ئیسماعیل قائانی لە عێراق بووە بۆ كۆنترۆڵكردنی پەرچەكرداری گروپە چەكدارەكان.
بەدواداچوونەكە ئەوەش ئاشكرا دەكات توڕەیی میلیشیاكان لە كازمی و لە دەزگای هەواڵگری عێراق دەگەڕێتەوە بۆ دوورخستنەوەی 300 ئەفسەری ئەوان بۆ سەرسنورەكان كە بەشێكیان سەر بە عەسایبن و ئەمەش بە خواستی ئەمەریكا و بەریتانیا و ئیماراتییەكان دەدەنە قەڵەم.
هەروەها دەڵێت، زنجیرەی هێرشەكان ئەوە دەردەخات كە عەسایب ناوبەناو تەحەدای قائانی دەكەن، ئەگەریش حیزبوڵڵا بەشداربن لەگەڵیان لە هێرشەكان ئەوە مانای وایە یاخی بوونەكە گەورەترە.