ناس کورد-
بەرپرسی دەزگای چاودێری نزیک لە مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵا و بەرژەوەندیەکانی یەکێتی ڕایگەیاند، پشکنینە پزیشکییەکانی وڵاتی ئەڵمانیا و ئوردن هیچ تەم و مژێکی نەهێشتووەتەوە کە مەلا بەختیار ژەهرخوارد کراوە، دەشڵێت، تەندروستیی مەلا بەختیار زۆر باشە و لە مەترسی دەرچووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سامی هادی، بەرپرسی دەزگای چاودێر و کەسی نزیک لە مەلا بەختیار (پێنجشەممە 4ی تشرینی دووەمی 2021) بە "دەنگی ئەمەریکا"ی ڕاگەیاند، "ڕاپۆرتی پشکنینە پزیشکییەکانی ئوردن دراوەتە هاوسەرۆکی یەکێتی و دەزگا ئەمنییەکان، تێیدا ژەهر خواردکردنی مەلا بەختیار سەلمێدنراوە."
هاوکات دەربارەی ناسنامەی ئەو کەس و لایەنەی مەلا بەختیاری ژەهرخوارد کردووە، سامی هادی ئاماژەی بەوەکردووە، "زانیاریم نییە، ڕەنگە گومان هەبێت و دەبێت لێکۆڵینەوە لەگومانەکان بکرێت، بەڵام پێموایە خەتی سەرەکی ژەهر خواردکردنە ڕەنگە بزانرێت لەکوێوەیە."
جەختیشی کردووەتەوە، "تەندروستیی مەلا بەختیار بەراورد بە ڕۆژانی یەکەم و دووەەم زۆر باشە و لەمەترسی دەرچووە، بەڵام بۆ ئەوەی مەترسی بەتەواوەتی لەسەر نەمێنێت، لە ژێر چاودێری پزیشکیدایە."
سامی هادی ڕوونیشیکردووەتەوە، " پێشنیاری بۆ مەلا بەختیار کردووە لەکاتی گەڕانەوەیدا بۆ کوردستان، کۆنگرەیەکی بەرفراوانی ڕۆژنامەوانی ببەستێت و دیکۆمێنتەکان بخاتە بەردەم ڕای گشتی و ڕای خۆشی بڵێت."
لەماوەی ڕابردوودا مەلا بەختیار بە فەرمی ڕایگەیاند کە ژەهرخوارد کراوە و تەندروستیی تێکچووە، هەربۆیە بۆ وەرگرتنی چارەسەر چووەتە دەرەوەی وڵات.