گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

یەكێتی داوای پۆستی دیكە لە پارتی دەكات

سەركردایەتییەكی یەكێتی: كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی پارتی‌ و یەكێتی هیچ ناگۆڕێت

2019.03.12 - 12:27
سەركردایەتییەكی یەكێتی: كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی پارتی‌ و یەكێتی هیچ ناگۆڕێت

ناس كورد- شۆڕش محەمەد

بە تێڕوانینی ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی وەفدی باڵای پارتی ‌و یەكێتی هیچ ناگۆڕێت ‌و پارتی مل نادات بە داخوازییە نوێیەکانی یەكێتی.

 

یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەكۆبوونەوەی ئەمڕۆی لەگەڵ وەفدی پارتی لەبری پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان داوای پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم ‌و وەزیری ناوخۆ دەكات ‌و هەر بەو هۆیەشەوە، لە هەفتەی رابردوودا كاندیدی حزبەكەی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان یەكلایی نەكردۆتەوە.

 

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان تایبەت بە ناس كورد-ی راگەیاند: "لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی نێوان پارتی ‌و یەكێتی باس لە وردەكارییەكانی پۆستەكانی یەكێتی لە حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان دەكرێت".

 

ئەندامەكەی سەركردایەتی یەكێتی هۆكاری یەكلا نەبوونەوەی كاندیدی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە زۆرێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی بەلایانەوە باش بوو كە ئەو پۆستە وەرنەگیرێت ‌و پۆستی دیكە وەربگیرێت.

 

بە گوێرەی زانیارییەکانی ناس کورد، هەریەك لە بێگەرد تاڵەبانی نزیك لە ماڵباتی جەلال تاڵەبانی ‌و رێواز فایەق نزیك لە ماڵباتی كۆسرەت رەسوڵ، ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كاندیدكردووە ‌و بڕیار بوو هەفتەی رابردوو ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆببێتەوە، بە دەنگدان ئەو پۆستە یەكلایی بكرێتەوە بەڵام، بەهۆی "ناكۆكی" نێوان ئەو دوو باڵەی نێو یەكێتی نەتوانرا كاندیدێك بۆ ئەو پۆستە یەكلایی بكرێتەوە‌ و كۆبوونەوەكە سەرەڕای یەك جار دواخستنیشی ئەنجام نەدرا.

 

ئەمە جگە لەوەی لەنێو مەكتەبی سیاسی یەكێتی دوو پێشنیار بۆ پرسی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لەئارادایە، یەكەمیان: یەكێتی پێشنیاری ئەوەی كردووە كە دوو ساڵ بە دووساڵ پۆستەكە بەڕێوە ببرێت لەنێوان بێگەرد تاڵەبانی‌و رێواز فایەق.

دووەمیان: یەكێكیان بكرێتە وەزیر لەكابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا.

سەركردایەتییەكەی یەكێتی روونیكردەوە كە قوباد تاڵەبانی ركابەری بۆ دروست بووە بۆ بەدەستهێنانی پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران ‌و ئەو بابەتەش بەدەنگدان هەر لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی یەكلایی دەكرێتەوە.

 

پێشبینی ئەوەش دەكات، كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی نێوان پارتی ‌و یەكێتی هیچ نەگۆڕێت‌ و پارتی مل نەدات بەداخوازییە نوێیەكانی یەكێتی بۆ دابەشكردنی پۆستەكانی حكومەتی نوێی هەرێم.