گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’مەترسی داڕووخانی دۆخی عێراق هەیە’’

سێ ’’هۆشداری بەپەلە’’ گەیشتووە بە لایەنە شیعەكان

2021.11.03 - 18:09
App store icon Play store icon Play store icon
سێ ’’هۆشداری بەپەلە’’ گەیشتووە بە لایەنە شیعەكان

ناس كورد_

ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكان بێهیوایی تەواوی لای لایەنە شیعە ناڕازییەكان دروستكردووە، لە گێژاوی ناكۆكییەكانی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەنجامەكان و پێكهێنانی حكومەتیشدا، سێ هۆشداری بەپەلە گەیشتووە بە سەرجەم لایەنە شیعەكان لەبارەی سروشتی هەنگاوەكانی پاش هەڵبژاردن.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەها ئەعرەجی سەرۆك جێگری وەزیرانی پێشووتری عێراق كە پێشتر سەدری بووە، لە لێدوانێكدا كە "ناس كورد" بینیویەتی (3ی تشرینی دووەمی 2021) نایشارێتەوە كە بەهۆی ناكۆكی زۆری لایەنە شیعەكان سەرەتای كۆتایی پرۆسەی سیاسی و دۆخی عێراق دەركەوتووە، چونكە هیچ لە بەرەی سەدر و بەرەی ناڕازی (فەتح و مالیكی) ئامادەنین بچنە ژێر باری مەرج و بەندوباوی یەكترەوە لەپاش دەركەوتنی ئەنجامە بەراییەكان و هەردوو لایەنەكەش چەكدارن.

 

ئەم ڕەشبینییەی ئەعرەجی لە كاتێكدایە دوو ڕۆژ بەر لە ئێستا لە كاتی ڕۆژدا سێ موشەك ئاراستەی گەڕەكی "المنصور"ی بەغدا كرا كە بارەگای دەزگای هەواڵگری تێدایە و لە تەنیشت ناوچەی سەوزی نێودەوڵەتییە، بەپێی لێكدانەوەكانیش هێرشەكە پەیامە بۆ گرژی زیاتر ئەگەر پێكهاتن لەناو لایەنە ناڕازییەكان و بەرەی سەدر نەیەتە كایەوە. 

 

لایەنە شیعە ناڕازییەكان كە بەپلەی یەكەم هاوپەیمانی فەتحی حەشدە لەگەڵ حیزبوڵڵا و لە گەڵیاندا لیستەكەی مالیكی، سەرۆك وەزیران مستەفا كازمی بە دوژمنی سەرەكی خۆیان و بەرپرس لە شكستهێنانیان لە هەڵبژاردن دەزانن و نەك لە ناوخۆی عێراق بەڵكە لە بەری ئێرانیشەوە باڵە توندڕەوەكان هەڵمەتێكیان لە دژی دەستپێكردووە تا ئاستی داوای دادگایی كردن. 

 

لەكاتێكیشدا لایەنە شیعەكان سەرگەرمی پەیام گۆڕینەوە و كێبەركێن، نووسینگەی مەرجەعی باڵا شیعە دوێنێ (2ی تشرینی دووەم) پەیامێكی بڵاوكردەوە كە دوور و نزیك بەشێك نییە لە گفتوگۆكامی پێكهێنانی حكومەت، دەستوەردانیش لە هاوپەیمانییەكان ناكات، بەڵام چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بەغدا ئەوەیان بۆ "ناس كورد" پشتڕاستكردەوە كە لایەنە شیعەكان سێ پەیامیان لە لایەنێكی باڵای كاریگەرەوە بەدەست گەیشتووە كە ناتوانن سەرپێچی لێ بكەن. 

 

بەگوێرەی زانیاری سەرچاوەكانیش پەیامەكان بریتییە لەوەی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو نە سەدری دەبێت و نە لەبەرەی مالیكی و دەبێت هەردوولا دەست لە پێداگریی هەڵگرن، هەروەها نابێت هیچ لایەنێكی شیعە بە پشت بەستن بە پێكهاتەكانی تری عێراق لە كورد و سوننە خۆی بكاتە زۆرینە بەسەر ئەوی تردا. هۆشداری سێیەمیش ئەوەیە كە دەستەی حەشدی شەعبی دەمێنێتەوە وەك پێكهاتەیەكی ئەمنی یاسایی و هیچ پێداچوونەوە و هەڵوەشانەوەیەك نایگرێتەوە. 

 

پێشتر سیاسەتوان و پەرلەمانتاری پێشوو، فایەق شێخ عەلی ئەوەی ئاشكراكرد ئێرانییەكان هۆشدارییان داوە بە كورد بەتایبەت پارتی لەگەڵ حەلبوسی لە سوننە كە نەبنە بەشێك لە كێشەكانی ماڵی شیعە، ئەگەرنا تاران دەیانخاتە خانەی دوژمنانی ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانەوە. 

 

موقتەدا سەدر لە پەیامێكدا چەند رۆژێك بەر لە ئێستا پاشەكشەی كرد لە سەرۆك وەزیرانێكی "سەدریی پەتی" بەڵام دەرگای لەسەر حكومەتی سازانیش داخست و داوای زۆرینەی حوكمڕان و كەمینەی ئۆپۆزسیۆن دەكات تەنانەت ئەگەر ڕەوتەكەی ئەویش ببنە ئۆپۆزسیۆن.