ناس کورد-
بەشیر حەداد، جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە لێدوانەکەی لەبارەی گۆڕانکاریکردن لە کاندیدی سەرۆک کۆمار ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت، نەیوتووە، سەرۆکی کۆماری ئێستای عێراق ئەوە پۆستە وەرناگرێتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەشیر حەداد، جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە ڕوونکردنەوەیەکدا (یەکشەممە 31ی تشرینی یەکەمی 2021) ڕایگەیاند، "لە لێدوانێكمان بۆ میدیایەکی عيراقى، ئاماژەمان بەوەدابوو کە به بۆچونی ئێمە ئەگەری ئەوە هەیە لە هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراقدا گۆڕانکاری بکرێت و کەسانی دیکەیان بۆ دیاری بکرێت."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "سەبارەت بە سەرۆکایەتی کۆماریش ئاماژەمان بەوەداوە کە ئەو پۆستە مافی کوردە و دەبێت لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دا کەسێكی بۆ دیاری بکرێت و ئەوەش تاوەکو ئێستا یەکلایی نەکراوەتەوە و کەسیشی بۆ دیاری نەکراوە، چونکە پێویستی بە رێککەوتن هەیە لە نێوان ئەو دوو هێزە سەرەکییە، بەڵام بەداخەوە ژمارەیەک میدیا و سۆشیاڵ میدیا بە بێ رەچاوکردنی کاری میدیایی، لێدوانەکەی بەندەیان بەجۆرێکی دیکە گواستەوە کە گوایە ئاماژەم بەوەداوە سەرۆکی کۆماری ئێستای عێراق ئەوە پۆستە وەرناگرێتەوە."
ڕوونیشیکردووەتەوە، "ئێمە لێرەوە هەموو ئەو جۆرە لێدوانانە رەتدەکەینەوە و رایدەگەیێنین كه پيوسته ھەموو لایەک رەچاوی راستى و ئەمانەت بکەن له گواستنەوە و بڵاوکردنەوەی ھەواڵدا."