ناس كورد-
چەند یەكەیەكی سەربازی لە بەغداوە بەرەو قەزای شارەبان (مقدادية) لە پارێزگای دیالە جوڵێنراون بەمەبەستی زاڵبوون بەسەر ئەو گرژییانەی چەند ڕۆژی ڕابردوو داعش دروستی كرد و بوو بەهۆی كوشتن و ڕاگواستنی هەندێ لە ناوچە كشتوكاڵییەكانی پارێزگاكە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق لە لێدوانێكدا كە "ناس كورد" بینیویەتی (31ی تشرینی یەكەمی 2021) ڕوونیكردەوە، یەكە سەربازییە فیدراڵییەكان لە شارەبان (المقدادیة)ی باكوری ڕۆژهەڵاتی دیالە بڵاوبوونەتەوە و كار لەسەر زانیاری هەواڵگری دەكەن بۆ لێكۆڵینەوە لە قەسابخانەكانی ئەم داواییە و پشت بە وێنەی كامێراكان و وتەی شایەتحاڵەكان دەبەستن.
بەمەبەستی چارەسەركردنی گرژییەكانی ئەم پارێزگایەش، شاندێكی باڵای ئەمنی لە بەغداوە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە دیالە مانەوە و هەوڵ دەدەن ڕێگا لە شەپۆلی ئاوارەبوون و تۆڵەكردنەوەی تایفی بگرن پاش ئەوەی داعش ژمارەیەك كەسی لە عەشیرەتی تەمیمی شیعە كوشت و ئەوانیش لە تۆڵەكردنەوەدا هێرشیان كردە سەر گوندی ئیمامی سوننە و لە گرژییەكاندا هەندێك ڕاپۆرت دەربارەی كوشتن و ڕاگواستن و ماڵ سووتاندن هەن.
بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی ئەمنی هێزە عێراقییەكان خۆیان بۆ ئۆپەراسیۆنێكی ئەمنی ئامادە دەكەن پاش كۆكردنەوەی سەرە داوە هەواڵگرییەكان و هەڕەشەی ئەوەش دەكەن لە هیچ كەس خۆش نابن ئاسانكاریی بۆ ئەو چەكدارانەی داعش كردبێت.
هەندێك لە چاودێران نایشارنەوە دوور نییە گرژییە تایفییەكانی دیالە كە هاوسنوری هەرێمی كوردستانە پەیوەندیدار بێت بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، هەندێكیشی جەخت دەكەنەوە ئەگەر ئەوەش نەبێت كراونەتە كەرەستە لەو ململانێ سیاسییەی لەپاش هەڵبژاردنەوە دروست بووە.