گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نوێ

بڕیار لە چارەنوسی دەرچووانی پۆلی 12 دەدرێت ’’چەند پێشنیازێک هەن’’

2021.10.30 - 21:17
App store icon Play store icon Play store icon
بڕیار لە چارەنوسی دەرچووانی پۆلی 12 دەدرێت ’’چەند پێشنیازێک هەن’’

ناس کورد- 

بڕیارە سبەینێ وەزیری خوێندنی باڵا بچێتە پەرلەمانی کوردستان و لەگەڵ لیژنەی پەروەردە کۆببێتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی دەرچووانی پۆلی 12، جێگری سەرۆکی لیژنەکەش دەڵێت، دەیانەوێت کێشەکە بەشێوەیەک چارەسەر بکەن کە کۆنمرەی خوێندکاران بخەنە بەشی شایستەی خۆیان، سەرۆکی لیژنەکەش دەڵێت، کێشەی ئەوانەی ناویان نەهاتووەتەوە چارەسەکراوە. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

موسلیم عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان (شەممە 30ی تشرینی یەکەمی 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "سبەینێ وەزیری خوێندنی باڵا دێتە پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ لیژنەی پەروەردە کۆدەبێتەوە بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی خوێندکارانی دەرچووی پۆلی 12." 

 

وتیشی، "ئێمە ئامانجی یەکەممان ئەوەیە کە کورسیی خوێندنی خۆڕایی لە زانکۆکان زیاد بکەینەوە کە ئەمساڵ بەڕێژەیەکی بەرچاو کەم کراوەتەوە، چونکە کە ئەوە چارسەرکرا بەشێکی زۆری کێشەکان چارەسەر دەکرێن و ئەوانەشی ناویان نەهاتووەتەوە وەردەگیرێن." 

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "هەروەها زۆرینەی خوێندکاران نمرەی ساڵی پاریان کردووە بە بنەما بۆ پڕکردنەوەی فۆڕم، بەڵام ئەمساڵ نمرەی وەرگیراو زۆر بەرزکراوەتەوە، بۆیە زۆرینەی خوێندکاران لەو بەشی دڵخوازی خۆیان ناویان نەهاتووەتەوە، ئێمە داوا دەکەین ساڵی ڕابردوو بکرێتە بنەما و بەوپێیە خوێندکاران بخرێنە بەشی شایستەی خۆیان." 

 

ڕوونیشیکردەوە، "بۆ نمونە خوێندکارێک ساڵی ڕابردوو بە نمرەی 90 لە بەشێک ناوی هاتووەتەوە، بەڵام ئەمساڵ نمرەی 90 لە بەشێکی زۆر نزمتر ناوی هاتووەتەوە، ئێمە داوا دەکەین ئەو خوێندکارەش بخرێتە هەمان ئەو بەشانەی ساڵی ڕابردوو نمرەی 90ی وەرگرتووە، ئەوکات هەموو خوێندکارێک لە بەشی شایستەی خۆی دەبێت." 

 

باسی لەوەشکرد، "سبەینێ لەگەڵ وەزیری خویندنی باڵا ئەمانە باس دەکەین و چارەسەرێک بۆ ئەو پرسەی دیاری دەکرێت." 

 

هاوکات هەر ئەمڕۆ عەبدولسەلام دۆڵەمەڕی، سەرۆکی لیژنەکە ڕایگەیاند، ئەوانەی فۆڕمیان بە ھەڵە ‎پڕکردووەتەوە و ناویان لە بەشی ‎دڵخوازی خۆیان نەهاتووەتەوە چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە و ھاونمرەی لە ھەر بەش و کۆلێژێک وەرگیرابێت ئەویش لەھەمان بەش دەبێت.