ناس کورد-
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی سلێمانی بڵاوبوونەوەی پەتای وەرزیی لەنێو منداڵاندا ڕاگەیاند و دەڵێت، لە ماوەی 24 کاتژمێردا 700 منداڵ سەردانی کلینیکی ڕاوێژکاری نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵانی فێرکاریان کردووە و زیاتر لە 100 منداڵ داخڵ کراون.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی سلێمانی (شەممە 30ی تشرینی یەکەمی 2021) ڕایگەیاند، "ساڵانە لەگەڵ گۆڕانکاری وەرزەکانی ساڵ و بەتایبەت لە ئێستادا کە وەرزی پایزە و بە پێی وتەی پزیشکانی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان پەتای وەرزی سەرهەڵدەدات."
تەندروستی سلێمانی لەزاری د.پشدەر عەبدوڵا، بەڕێوبەری نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵانی فێرکاری بڵاویکردووەتەوە، " زیاتر لە (100) منداڵ لەم نەخۆشخانەیە بەهۆکاری تووشبوون بە پەتاوەرزییەکان بەمەبەستی چارەسەرکردن داخڵکراون."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەر لە بەشی کلینیکی ڕاوێژکاری نەخۆشخانەکە لەماوەی (24) کاتژمێردا (700) منداڵ سەردانی ئەو بەشەیان کردووە و لەلایەن پزیشکی پسپۆڕی مناڵانەوە بینراون و چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە."