گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

وردەکاریی ژەهراوی بوون بە مادەی زەرنیخ و کاریگەرییەکانی لەسەر جەستە

2021.10.28 - 20:26
App store icon Play store icon Play store icon
وردەکاریی ژەهراوی بوون بە مادەی زەرنیخ و کاریگەرییەکانی لەسەر جەستە

ناس کورد- 

د. چالاك محێدین، خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرا لە بایەلۆجیدا باس لە مەترسییەکانی ژەهراوی بوون بە مادەی زەرنیخ دەکات و دەڵێت، هەرکەس بە زەرنیخ ژەهراوی بێت ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجەی هەیە. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەو پزیشکە پسپۆڕە لە بابەتێکدا کە لە فەیسبوکی خۆی بڵاویکردووەتەوە، ڕێنمایی هاووڵاتیان دەکات کە چۆن بزانن ئاوی ماڵان بە زەرنیخ ژەهراوی نەبووە و دەشڵێت، ئەگەر ئاوێک ژەرنیخی تێدابێت بە کوڵان لاناچێت. 

 

دەقی نوسینەکەی د. چالاك محێدین: 

 

ژەھراوی بوون بەھۆی ماددەی زەرنیخ

 

زەرنیخ، یەکێکە لە کانزا کیمییاوییە ژەھراوییەکان، بە زۆری لە خاک و خۆڵ و ھەندێک جۆری بەرد بوونی ھەیە. لە بواری پیشە سازی و کشتوکاڵدا بەکارئەھێنرێت.

 

ڕێژەی ڕێگە پێدراو لە ئاوی خواردنەوە بریتییە لە ١٠ مایکرۆ گرام بۆ ھەر لیترێک، واتا ١٠ بەش بۆ ملیۆنێک. لەسەرووی ئەو ڕێژەیە بێت ئەو ئاوە بە ژەھراوی بوو دائەنرێت.

 

چۆن بزانین ئاوی خواردنەوەی ماڵان ژەھراوییە بە ماددەی زەرنیخ؟

 

لە ڕاستیدا بە رەوالەت نازانرێت ئاوی خواردنەوەمان ژەھراویە بەو ماددەیە، چونکە زەرنیخ نە تامی ھەیە نە بۆن.

 

بۆ ئەوە ئەبێت کۆمەڵێک توێژەر  نمونەی خاک و سەرچاوەکانی ئاوی شوێنە جیاجیانی کوردستان وەرگرن لە تاقیگەدا بپشکرێن تاکو ڕێژەکەی دیاری بکرێت.

 

ئایا بە کوڵان ئاوی خواردنەوە خاوێن ئەبێتەوە لە ماددەی زەرنیخ؟

 

نەخێر، بە پێچەوانەوە ئەگەر ئاوێک زەرنیخی تێدا بێت و  بکولێنرێت، بەھۆی ئەوەی ڕێژەیەک لە ئاوەکە ئەبێت بە ھەڵم ئەو کاتە چڕی ماددەی زەرنیخ زیاتر ئەبێت .

 

کاریگەرییە کورت خایەناکانی زەرنیخ لەسەر جەستی مرۆڤ بریتیە  لە سک ئێشەو ھێلنج و رشانەوەو سکچوون و تا و ناڕێکی لێدانی دڵ و تەشەنوجانی ماسولکەکان و تەنزینی پەنجەکانی دەست و قاچەکان.

 

لەبەر ئەوەی زەرنیخ ماددەیەکی شێرپەنجەیی، بۆیە کاریگەرییە درێژ خایەناکانی ژەھراوی بوون بەم ماددەیە بریتیە لە ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی میزڵدان و پێست و جگەرو سییەکان و گەدەو ڕیخۆلەو گورچیلە و پرۆستات و خوێن .

 

وەھەروەھا ژەھراوی بوون بم ماددەیە ئەبێتە ھۆی مەیلەو ڕەش ھەلگەرانی پێست و کزانەوە و سوتانەوەی قوڕگ و بەردەوامی کێشەی ھەرسکردن و تووشبوون بە شەکرەو نەخۆشیەکانی دڵ.

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی ئاماژە بەوە ئەکات، ئەگەر کەسێک لە ڕێی ئاو خواردنەوەوە زەرنیخ بچێتە لەشیەوە لە دوای ٥ ساڵ كاریگەرییەکان لە جەستەدا دەرەکەوێت. بەڵام ئەگەر ڕێژە یان چڕی ماددەکە تا زیاتر بێت خیراتر دەرەکوێت بەشێوەیەک ، ١٥٠  میلی گرام لە زەرنیخ کە  لە چارەکە گرامێک کەمترە لە ماوەیەکی کورتدا ئەتوانێت دەست بەجێ کەسەکە بکوژێت.

 

تێبینی/ ئەم بابەتە پەیوەندی بە دەنگۆی باسی ژەھراوی بوونی کەسایەتیەکانەوە نییە، تەنھا بۆ ئەوەیە بەلکو لە داھاتوویەکی نزیکدا دڵنیایی وەرگرین لەوەی خاک و ئاومان ژەھراوی نین بە ماددەی ژەھراوی. ئەگینا لە سروشت دەیان ماددەی ژەھراوی تر  زۆر کوشندەتر لە زەرنیخ ھەن