گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’یەک وەرەقەی سیاسی بۆ بەغدا’’

بافڵ تاڵەبانى: سەردەمی فرە بڕیاری و کێشەی تەداخول کۆتایی هات

2021.10.27 - 20:37
App store icon Play store icon Play store icon
بافڵ تاڵەبانى: سەردەمی فرە بڕیاری و کێشەی تەداخول کۆتایی هات

ناس کورد-



بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی رایگەیاند، سەردەمی فرە بڕیاری و کێشەی تەداخولکردن لەناو حزبەکەى کۆتایی هاتووە و دەیانەوێت کورد بە یەک وەرەقەی سیاسی بچێتە بەغدا.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بافڵ تاڵەبانى لەکۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ  باڵیۆزی نوێی ئەڵمانیا لە عێراق وتى "لەسەر ھێڵێکی نیشتمانی و نەتەوەیی ستراتیژێکی نوێی کوردستانی دادەڕێژین و دەمانەوێت وەک کورد بە یەک وەرەقەی سیاسی بچینە بەغدا و داکۆکی لە مافە دەستووریی و نەتەوەییەکانمان بکەین"، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێکى نوسینگەکەى کە دەست "ناس کورد" کەوتووە.

 

وتیشى "سەردەمی فرە بڕیاری و کێشەی تەداخولکردن لە بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی رێکخراوەیی و سەرکردایەتیکردن کۆتایی ھات".

 

دەقى راگەیەنراوەکە



بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیکرد لە مارتن یێگەر، باڵیۆزی نوێی ئەڵمانیا لە عێراق و کلێمێنس زێمنتنەر، کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان.

 

لە دیدارێکدا شاڵاو عەلی عەسکەری و ئەمین بابە شێخ، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و دابان شەدەڵە، جێگری لێپرسراوی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئامادەبوون، بیروبۆچوون لەبارەی پێشھاتە سیاسی و ئابووری و ئەمنییەکان ئاڵوگۆڕکرا و لەسەر پرسەکانی پەیوەست بە حزب و ئەرکی رێکخراوەیی ھەڵوەستە کرا.

 

بافڵ تاڵەبانی روئیای یەکێتی بۆ قۆناغی دوای ھەڵبژاردن لە عێراق خستەڕوو، رایگەیاند لەسەر ھێڵێکی نیشتمانی و نەتەوەیی ستراتیژێکی نوێی کوردستانی دادەڕێژین و دەمانەوێت وەک کورد بە یەک وەرەقەی سیاسی بچینە بەغدا و داکۆکی لە مافە دەستووریی و نەتەوەییەکانمان بکەین و حکومەتێک بنیادبنێین کە بتوانێت خزمەتگوزاری، چاکسازی ریشەیی، بنەبڕکردنی گەندەڵی و بەگژداچوونەوەی بیری توندرەویی، نەتەوەیی و مەزھەبی بکاتە سەرمەشقی ئەرکەکانی و لەسەر بنەمای یەکسانی و ھاووڵاتیبوون خزمەت بکات و دوور لە ئەجێندای سیاسی بەرنامەکانی جێبەجێبکات.

 

ھاوسەرۆک لەسەر کێشەکانی کەرکوک، ناوچە دابڕێندراوەکان و بۆشایی ئەمنی لەھەندێ ناوچەی عێراق روونکردنەوەی دایە وەفدی میوان، بە تایبەت ھەماھەنگی و ھاریکاری نێوان ھەرێم و عێراق، ھێزە ئەمنییەکانیشی بە فاکتەری ئاسایش و ئارامی لە سنوورەکە لەقەڵەمدا و ووتی لای یەکێتی کەرکوک قودسی کوردستانە و لە ئەولەویەتی خەباتی حزبی و سیاسیمانە کە خزمەتی زیاتری شارەکە بەبێ جیاوازی بکەین و دەمانەوێت گیانی پێکەوەیی و یەکتریقبوڵکردن بپارێزین و ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکان نموونەیەکی جوانی پێکەوەژیان پێشکەش بکەن، ھەر لەو چوارچێوەیەشدا یەکێتی گۆڕانکاری لە ئەرکە حزبییەکانی لە کەرکوک کردووە و لە داهاتوو زیاتر لەگەڵ کەرکوکییەکان دەبین و خزمەتی زیاتریان دەکەین.

 

سەبارەت بە ژیانی حزبیی یەکێتی و قۆناغی ریشەیی گۆڕانکاریی و بەخۆداچوونەوەو رێکخستنەوە لەسەر ئاستی ئۆرگانەکان بافڵ تاڵەبانی وەفدی میوانی بەرچاوڕوونکرد لەسەر ھێڵە گشتییەکانی گۆڕانکاری و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد سەردەمی فرە بڕیاری و کێشەی تەداخولکردن لە بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی رێکخراوەیی و سەرکردایەتیکردن کۆتایی ھات، و دەبێت یەکێتییەکەمان یەکێتییەکی پتەو، خاوەن ئۆرگانی کاریگەر، کارا، خزمەتگوزار و چالاکتر ئەرکە بنچینەییەکان رایی بکات و ئاشکراشیکرد لەم وێستگەی خەباتەدا خۆمان ئامادە دەکەین بۆ راپەڕاندنی ئەرکە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان و زیاتر خزمەتکردنی خەڵک و باشترکردنی دامەزراوەکانی حکومەت و گۆڕانکاری لە بەڕێوەبردن و ئیدارەدان تا بتوانین ھەڵەکان راستبکەینەوە و لەناو خەڵکەوە حزبایەتی بکەینە داینەمۆی پێشخستنی زیاتری ئەزموونەکەمان.

 

ھەر لەمیانی دیدارەکەدا ھاوسەرۆک وێڕای پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لەباڵیۆزی نوێی ئەڵمانیا ھیوای خواست ھاوکاری زیاتربێت بۆ پێشخستنی پەیوەندییەکانی ھەردوولا بەجۆرێک خزمەتی زیاتر بە بەرژەوەندییەباڵاکان بکات.