گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

فەتحی حەشدی شەعبی گرەوی لەسەرییەتی

ڕۆژنامەكەی حیزبوڵڵا: ئەنجامەكانی هەڵبژاردن ناگۆرێن بەڵام چارەیەكی تر هەیە

2021.10.27 - 12:12
App store icon Play store icon Play store icon
ڕۆژنامەكەی حیزبوڵڵا: ئەنجامەكانی هەڵبژاردن ناگۆرێن بەڵام چارەیەكی تر هەیە

ناس كورد-
ڕۆژنامەی ئەخباری لوبنانی دەڵێت، هەموو لایەنەكان لە عێراق گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن گۆڕانكارییان بەسەردا نایەت، بەڵام دروستكردنی حكومەتێك لەسەر بنەمای سازان چارەسەرە بۆ كێشەكان.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەكە كە "ناس كورد" بینیویەتی (27ی تشرینی یەكەمی 2021) باس لەوە دەكات، پاش یەكلابوونەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، داواكارییە سەرەكییەكان دروستكردنی حكومەتێکە لەسەر بنەمای سازان لە پێناو پاراستنی ئۆقرەی سیاسی و ئەمنی لە عێراق.

 

بەقسەی ڕۆژنامەكە، هاوپەیمانی فەتح دانی ناوە بەوەی درز و كەلێنی هەبووە، لە ئێستاشدا لیژنەی دروستكردووە بۆ پێداچوونەوە، بەبێ ئەوەی پەیكەری ئەمنیی حەشد بگرێتەوە.

 

ئەخبار كە هی حیزبوڵڵایە و نزیكە لە هێزە شیعەكان ئەوەش ئاشكرا دەكات، گرەوی سەرەكی فەتح لەسەر دروستكردنی حكومەتێكی تەوافوقییە و بە بڕوای ئەوان ناكرێت لایەنێك حكومەت دروست بكات.

 

لە هەڵبژاردنی 2021دا هێزەكانی حەشد بەهەمان هاوپەیمانی (فەتح) چوونە هەڵبژاردن، بەڵام لەگەڵ لیستەكەی حیزبوڵڵاش (حقوق) نەگەیشتنە 20 كورسی، ئەمەش یەكێك لە سوپرایزە گەورەكانی هەڵبژاردنەكەی 10ی تشرین.

 

بەگوێرەی ئەو شرۆڤانەی هەن سێ هۆكار خراونەتەڕوو لەبارەی پاشەكشەی كورسییەكانی حەشد: خۆیان باس لەوە دەكەن دەنگەكانیان دزراوە و كەوتووەتە بەر تەزویر و هاك لە ئیمارات، ركابەرەكانیشیان سوورن لەسەر ئەوەی جەماوەریان نەماوە و وەك جاران خەڵك متمانەیان پێ ناكات. هۆكارێكی سێیەمیش هەیە كە خراپ بەڕێوەبردنی هەڵمەتی هەڵبژاردن و خراپ دابەشكردنی كاندیدەكان و زۆری ژمارەیانە لە بازنەكان، ئەمەش وایكرد 444 هەزار دەنگی فەتح كە نیوەی 845 هەزار دەنگەكەی سەدر دەكات كەمتر لە چارەكی كورسییەكانی سەدر دەربكات (73 كورسی).