ناس کورد-
زانکۆى سلێمانى رایگەیاند، کۆتایی ئەم مانگە مامەڵەی وەرگرتنی خوێندکاران لە کۆلێج و بەشەکان دەستپێدەکات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی ئاگادارییەکى زانکۆکە، مامەڵەی وەرگرتنی خوێندکاران لە کۆلێج و بەشەکان لە ڕۆژی (یەکشەممە) ڕێکەوتی (٣١ - ١٠ -٢٠٢١) دەست پێدەکات.
ئاماژە بەوەشکراوە، پێویست ناکات خوێندکار پێش ئەو کاتە سەردانی زانکۆ بکات.
وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم ئەنجامی زانکۆلاینی ئاشکراکرد و بەگوێرەی ئەنجامەکان بۆ ئەمساڵ 43 هەزار و 277 خوێندکار لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان وەرگیراون، کە 62یان لە خوێندنی خۆڕایی و 38%یش لە خوێندنی پارالێل و ئێواران وەرگیراون.
لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وەزارەتی خوێندنی باڵا (دووشەممە 25ی تشرینی یەکەمی 2021) ڕایگەیاند، "دەرچووانی ئەمساڵ 45 هەزار و 113 کەس داواکاریان پێشکەش کردووە، هەروەها چوار هەزار و 142 خوێندکاری ساڵی ڕابردوو و هەروەها زیاتر لە سێ هەزار خوێندکاری ساڵانی پێشووتر داوایان پێشکەش کردووە کە سەرجەمیان دەکاتە 52 هەزار و 532 پێشکەشکار ."
بەپێی ئامارى وەزارەتەکە، لەو ژمارانە، 43 هەزار و 277 خوێندکار لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان وەرگیراون."
هەروەها 26 هەزار خوێندکار لە خوێندنی خۆڕایی وەرگیراون، 10 هەزار خوێندکار لە ئێواران وەرگیراون و هەشت هەزار و 351 خوێندکاریش لە ئێواران وەرگیراون، کە پارالێل و ئێواران خوێندن تێیدا بە پارەیە.