ناس کورد-
بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی سلێمانی ڕایگەیاند، لە ماوەی یەک هەفتەی داهاتوودا پێنج ملیۆن لیتری نەوتی سپی دەخەنە بازاڕەوە و دەڵێت، "دەبینن لەم هەفتەیەدا نرخەکەی دادەبەزێت."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
محەمەد حەسیب، بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی سلێمانی تایبەت بە "ناس کورد"ێ ڕاگەیاند، "ڕۆژانە نەوت دێت بۆ سلێمانی و بە بەردەوامی دەخرێتە بازاڕەوە، ئەوەش بەدڵنیاییەوە کاریگەری دەبێت بۆسەر نرخەکەی و دادەبەزێت."
لەبارەى دابەشکردنی نەوتی سپی بۆ ماڵان، محەمەد حەسیب وتی، "ڕۆژانە نەوتمان بۆ دێت و زەخیرەمان کردووە لە کۆگاکانی عەربەت، ئێستا لە بارکردنن بۆ پێنجوێن تاوەکو دابەشی بکەن، نەوتەکە حکومەتی هەرێم دابینی کردووە و نرخی یەک بەرمیل بە 55 هەزار دەدرێت بۆ هاوڵاتیان."
وتیشی، "بەهۆی سەرما و کەم دەرامەتی خەڵکەکەی، سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکانی وەک پێنجوێن و شارباژێڕەوە دەستمان پێکردووە و دوای ئەوەش پلانی ترمان دەبێت، ڕۆژانە بەردەوام دەبین و بەزووترین کات تەواو دەکرێت."
باسی لەوەشکرد، "وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە گفتوگۆی بەردەوامدایە لەگەڵ بەغدا تاوەکو نەوتی سپی زیاتر ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت."