ناس کورد-
بەرپرسی لقی بەغدای پارتی دیموکراتی کوردستان پێشبینی دەکات، بەهۆی ناکۆکۆ لایەنە شیعەکان پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق دوابکەوێت و دەشڵێت، پێیانباشە لایەنە شیعەکان ڕێکبکەون تا ناکۆکییەکان ڕەنگدانەوەی نەبێت لەسەر داهاتووی حکومەت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
شوان محەمەد، بەرپرسی لقی بەغدای پارتی (شەممە 23ی تشرینی یەکەمی 2021) بە "دەنگی ئەمەریکا"ی ڕاگەیاند، " ڕەنگە پێکهێنانی حکومەت دوابکەوێت، چونکە لایەنێکی زۆر سکاڵایان لەسەر کۆمسیۆن تۆمارکردووە و هەروەها کێشمەکێشی زۆر لێدەکەوێتەوە لەنێوان لایەنە شیعەکان، هیوادارین ناکۆکییەکان بە ئاشتی تێپەڕن، تا حکومەتێکی باش پێکبهێنرێت."
دەربارەی هەڕەشەی گروپە چەکدارەکان و ڕازی نەبوون بە ئەنجامی هەڵبژاردن، بەرپرسی لقی بەغدای پارتی ئاماژەی بەوەکردووە، "ئاڵۆزی لە عێراق شتێکی تازە نیە، هەمیشە دۆخی عێراق لەڕووی سیاسی و ئەمنی و کۆمەڵایەتییەوە ئاڵۆزە، گەر ئاڵۆزیەکان درێژە بکێشن کە هۆکارەکەی ناکۆکی سیاسیە، ڕەنگدانەوەی خراپی دەبێت لەسەر واقعی ئەمنی و کۆمەڵایەتی و ئابووری."
سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتیش باسی لەوەکرد، "ئێستا کوتلەی گەورە بەڕوونی دیارە، سەدر گەورەترین کوتلەیە، بەڵام پێکهێنانی حکومەت چەند ئاڵۆزی لێدەکەوێتەوە، ئەوە بابەتێکی ترە، کورد و سونەش پێیانباشە لایەنە شیعەکان ڕێکبکەون، تا ناکۆکییەکان ڕەنگدانەوەی نەبێت لەسەر ئایندەی حکومەت."
شوان محەمەد ئەوەشی خستووەتەڕوو،"کورد هەڵوێستی ڕوونە، داوادەکات کوتلە شیعەکان کێشەکانیان یەکلایی بکەنەوە، تا حکومەتی داهاتوو بەشێوەیەی تەندروست پێکبهێنرێت."
لەبارەی چانسی کازمی بۆ مانەوەی لە پۆستەکەی، ئەو بەرپرسەی پارتی لە بەغدا دەڵێت، "ڕەنگە دوای یەکلایی کردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەربکەوێت، ئایا لایەنە شیعەکان ڕێکدەکەون یان نا، ئەوکات چانسی کازمی بۆ مانەوەی لەپۆستەکەی دەردەکەوێت."
باسی لەوەشکردووە، حیزبەکەی لەگەڵ زۆربەی لایەنەکان لێکتێگەیشتنی هەیە و بەرژەوەندیەکانی خەڵک بنەمای لێکتێگەیشتنەکانیانن، بەڵام تا ئێستا ڕێککەوتنی سیاسییان نییە.